لە جموجۆڵێکی چاوەڕواننەکراودا، ئەمڕۆ یانەی رۆمای ئیتاڵی، بەفەرمی دانیێلی دی رۆسی راهێنەری یانەکەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە.
وەرزی رابردوو ئیدارەی یانەی رۆما راستەوخۆ دوای دوورخستنەوەی جوزێ مۆرینیۆ، دانیێلی دی رۆسی وەک راهێنەری جێلارۆسۆ دەستنیشانکرد، لەنیوەی دووەمی وەرزەوە ئەنجامەکانی هێندە باش بوون، گرێبەستەکەی تاوەکو وەرزی 2026-2027 نوێکرایەوە، بەڵام لەم وەرزەدا لە کێبڕکێکانی سێریا ئەی چوار یاریکردووە و تەنیا سێ خاڵی کۆکردووەتەوە وئەو ئەنجامەش لەئاست خواستی یانەکەدا نییە.
یانەی رۆما رەگایەندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و نووسیەتی، "لەبەر بەرژەوەندیی یانەکەمان، بڕیاری دوورخستنەوەی دی رۆسی-مان دا، هێشتا لە سەرەتاکانی ئەم وەرزەداین و هیوادارین بڕیارەکە کاریگەری هەبێت لەراستکردنەوەی رێڕەوی یانەکە، لەدلەوە سوپاس بۆ دانییلی، لەچەند مانگی رابردوودا بەپەرۆشەوە کارەکانی راپەڕاند و ئێرەش هەمیشە ماڵی خۆی دەبێت."
یانەکە هیچ جێگرەوەیەکی بۆ دی رۆسی دەستنێشان نەکردووە، بەڵام ئاماژەیان بەوەش کردووە، کە بەم نزیکانە کەسێک دەبێتە راهێنەری یانەکەیان.