/

یانەی رانیە کێشەکانی چارەسەردەبێت و راهێنەری نوێی بە میدیاکان ناساند

یانەی رانیە کێشە داراییەکانی چارەسەردەکات و بەمنزیکانە تیپێکی نوێ بۆ خولی نایابی کوردستان ئامادەدەکات، هەر ئەمڕۆش راهێنەری نوێیی ئاشکراکرد.

یانەی وەرزشی رانیە، کە یەکێکە لە یانە بەشدارەکانی خولی نایابی کوردستان، بەهۆی کێشە داراییەکانییەوە نەیتوانی ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێبکات، لەبەرئەوەی بەرپرسانی یانەکە دڵنیانەبوون لە هەڵسوڕاندنی شایستەی دارایی یاریزانان و ئەو بڕەی کە پێویستە بۆ بەڕیوەبردنی یانەکە، بەڵام دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسی ئیدارەی راپەڕین، بەهۆی گرنگیی یانەکەوە بۆ ناوچەکە، ئەو بەڵێنەیان پێدرا کە پاڵپشتیی داراییان بکرێن و بەرپرسانی یانەکەش بڕیاریاندا دووبارە تیپی تۆپی پێی یانەکە بونیادبنێنەوە.

کەناڵ8 پەیوەندیی بە بەختیار حەسەن، جێگری سەرۆکی یانەکەوە کرد، لەوەڵامی پرسیارەکاندا گووتی، "یانەکەمان 80 بۆ 100ملیۆن دیناری عێراقی قەرزدارە، بەشێکی ئەو قەرزەش پەیوەستە بە پێنەدانی شایستەی دارایی یاریزانەکانەوە، بۆیە بە سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕینمان راگەیاندووە، کە بۆ بەردەوامبوونی یانەکە و چارەسەرکردنی تەواوی کێشە داراییەکان پێویستمان بە 200 بۆ 250 ملیۆن دینار دەبێت."

هەروەها ئاماژەشی بەوەکرد، کە بەڕێوەبردنی یانەکە تەنیا بەو بڕە کۆتایی نایەت، سەرەڕای ئەوەی دوو یاریگەی یانەکەیان بۆ ماوەی دوو مانگ دەدەن بە کرێ، بەڵام هێشتا بۆ گەشتی تیپەکانیان و بۆ هەر گەشتێکیش پێویستیان بە زیاتر لە ملیۆنێک دینار دەبێت.

دوای بەڵێنەکانی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین و پاڵپشت بەو بەڵێنانەی کە بە یانەی رانیە دراوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستیان بە بونیادنانەوەی پێکهاتەی یانەکە کردووەتەوە، لە یەکەمین هەنگاوەکانیشیاندا، سەیوان فاتیح، راهێنەری پێشووی یانەی سەیدسادقیان وەک را‌هێنەری نوێی یانەکە دەستنیشانکرد.

بڕیاریشە لە ماوەی داهاتوودا 25 یاریزانی دیکە بۆ پێکهاتەکەیان دەستنیشانبکەن و شایستەی دارایی ئەو یاریزانانەش بدەن، کە وەرزی رابردوو بەشێک لە شایستەکانیان وەرنەگرتووە.