تورکیا: 24 پێگەی پەکەکەمان لە هەرێمی کوردستان خاپوور کرد

فڕۆکەیەکى جەنگى تورکیا لەکاتى بۆردوماندا. فۆتۆ: AP

وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیدا بۆسەر ناوچە جیاجیاکان لە هەرێمی کوردستان، 24 پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستانیان بە ئامانج گرتووە.

وەزارەتەکە راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانی رۆژی 18ی ئەیلول بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، زنجیرەیەک هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانی خواکوڕک، گارە، قەندیل و ئاسۆس ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە لە ئەنجامی هێرشەکاندا 24 پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستانیان خاپوور کردووە و ژمارەیەک ئەندامی پەکەکەشیان کوشتووە.

لای خۆیەوە پارتی کرێکارانی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکە بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بناری قەندیلیان بۆردوومانکردووە، بێئەوەی ئاماژە بە ناوچەکانی دیکە بکات.