زێڕ و زیو و ئەڵماس لە جیهاندا لە شێوەی خشڵدا زۆرترین بازرگانییان پێوەدەکرێت و جۆری یەکەم و دووەمیان لە هەرێمی کوردستان باوە و سێیەمیان 'ئەڵماس' بەراورد بە جیهان خواستێکی ئەوتۆی لەسەر نییە.
ئالان هیوا مەولود، بازرگان و شارەزای بازاڕی ئەڵماس لە پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکدا بە کەناڵ8ـی راگەیاند، "سەرەڕای گرنگی و بەهاکەی، ئەڵماس لە هەرێمی کوردستان خواستێکی ئەوتۆی لەسەر نییە بەروارد بە وڵاتانی دیکە و هۆکارەکەشی بۆ بەرزیی نرخ و نەشارەزایی لە ناسینەوەی ئەڵماس دێت، بەشێک لەو بازرگانانەش کە ئەڵماس دێنن هۆکارن بۆ ئەوە، چونکە نرخی زۆر زیاتر دەخەنە سەری".
بازرگانەکەی ئەڵماس گوتیشی، "ئەڵماس 27 رەنگ و 27 تایبەتمەندیی هەیە و ئەڵماسی باش ئەوەیە کە سروشتی بێت و مۆری دڵنیایی GIA لەسەر بێت، لە تاقیگەدا بەرهەمنەهاتبێت یان دەستکاریی نەکرابێت و شێوە خڕەکەی باشترینە".
دەربارەی بازاڕی ئەڵماسیش گوتی، "کڕیارانی ئەڵماس تایبەتن و مانگانە 50 قیرات ئەڵماس دەفرۆشم، کە نرخەکانیان جیاوازە، بەجۆرێک هەرزانترینی لە 300 دۆلارەوە دەستپیدەکات تاوەکو پێنج هەزار دۆلار بۆ هەر قیراتێک".
ئەو ئەڵماسەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت، زیاتر بەشێوەی دەستی دووە و لە عێراق، سووریا، وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکاوە دەهێنرێت.
وڵاتە ئەفریقییەکان خاوەنی زۆرترین ئەڵماسی سروشتیین و باشترین ئەڵماسی سروشتیی لە قوڵایی هەزار ملیۆن مەتر لەژێر زەویدایە و دەرهێنانی کارێکی ئێجگار سەختە و رووداوی سروشتی و گڕکانەکان هۆکاری سەرەکین بۆ هاتنە دەرەوەی ئەڵماس لەژێر زەوی.
هەروەها زۆرترین ئەڵماس لەلایەن رووسیا و کەنەداوە بازرگانیی پێوەدەکرێت، بەڵام زۆربەی ئەڵماسی دەستکاریکراو ئەڵماسی تاقیگەیە.