ئەو بازگانەى کەرکوک لابران کە پارەیان لە شۆفێرانى بارهەڵگر وەردەگرت

بازگەیەکی کەرکوک

بەبڕیارى پارێزگارى کەرکوک ئەو بازگانە لابران کە پارەیان لە شۆفێرانى بارهەڵگر وەردەگرت، بەڕێوەبەری دەستەى وەبەرهێنانی کەرکوکیش دەڵێت: ئەو کەسانە بەناوى وەبەرهێنانەوە ئەو کارەیان کردووە و ئەو پارانەى وەریانگرتووە لێیان وەردەگیرێتەوە.

دواى ئەوەى لە نزیک بازگەکانى کەرکوک پارە لە شۆفێرانى بارهەڵگر وەردەگیرا، لەسەر فەرمانى رێبوار تەها، پارێزگارى کەرکوک، دەستەى وەبەرهێنانی کەرکوک سەردانى ئەو شوێنانەى کرد و سەرجەم ئەو بازگانەى داخست.

دلێر زێدان، بەڕێوەبەری دەستەى وەبەرهێنانی کەرکوک بە کەناڵ8ـی راگەیاند، "لەسەر بڕیارى پارێزگار ئەو شوێنانەى بەناوى وەبەرهێنەرانەوە پارەیان لە شۆفێرانى بارهەڵگر وەرگرتووە و ناوچەیەکیان بەنایاسایى سیاج کردووە، داخراون".

گوتیشى، "ئەو پارەیە بەنایاسایى وەرگیراوە و غەدرە لە هاوڵاتییانى کەرکوک کراوە و بەنایاسایى بۆ هەر بارهەڵگرێک پێنج هەزار دیناریان لە شۆفێران وەرگرتووە".

ئاشکراشیکرد، "ئەو کەسانەى بەناوى وەبەرهێنەرانى کەرکوکەوە ئەو کارەیان کردووە کە هیچ پەیوەندییەکیان بەوانەوە نییە و نە کارمەندى حکومەتن و نە کارمەندى وەبەرهێنانى کەرکوکن".

بەگوتەى دلێر زێدان، "رێکارى یاسایى بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرنەبەر و ئەو پارانەى لە شۆفێرانیان وەریانگرتووە، سەرجەمیان لێ وەردەگیرێتەوە و سکاڵایان لەسەریان تۆمارکردوون".