نوێنەرى ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان: دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ناکەین

ئەمیر سەعید ئیروانى، نوێنەرى ئیران لە نەتەوەیەکگرتووەکان. فۆتۆ: AFP

نوێنەری ئێران لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، تاران جارێکی دیکە تۆمەتەکانی تایبەت بە دەستوەردانی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رەتدەکاتەوە.

ئەمیر سەعید ئیروانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، تاران بەهیچ شێوەیەک دەستوەردان لە پرسە ناوخۆییەکان و هەڵبژاردنی ئەمریکا ناکات.

گوتیشی، تاران هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتە کە باس لە دەستوەردان و هاککردنی کەمپینی هەڵبژاردنەکانى وڵاتەکە دەکات.

ئیروانی دەشڵێت، ئێران نەک هەر هیچ پاڵنەر و نیازێکی نەبووە لە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، بەڵکو بە توندی دژی ئەو تۆمەتانەیە کە دەخرێتە پاڵی.

نوێنەری ئێران لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر حکومەتی ئەمریکا بە دوای راستییەکانەوەیە، دەبێت بە بەڵگەوە ئەو تۆمەتانە بسەلمێنێت بۆ ئەوەی وەڵامی ورد و دروستی خۆی دەستبکەویت.

ئەم وتانەى نوێنەری ئێران لە کاتێکدایە، ژمارەیەک دامەزراوەی ئەمنی ئەمریکا باسیان لەوەکردووە، تاران پێگەی تایبەتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدنیان هاککردووە و زانیاریی دزراوی تیمەکانی ترەمپیان ناردووە بۆ تیمی بایدن.