کەشناسی: ئەمڕۆ و سبەی باران دەبارێت

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ سبەی باران لە ناوچە جیاوازەکان دەبارێت و پلەکانی گەرماش بەشێوەیەکی بەرچاو نزمدەبنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، لەناوچە شاخاوییەکان هەوری تەواو دەبێت، لە کاتەکانی ئێوارە دابارینی نمەبارانی کەم کەم و هەندێکجار بۆ تاوەبارانی لاواز دەگۆڕێت بەتایبەت لەناوچەکانی باکووری رۆژئاوای هەرێمی کوردستان و ناوچە شاخاوییەکانی زاخۆ .
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەی هەینی، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ هەوری تەواو دەگۆرێت و لە کاتەکانی بەیانی نمەباران لە ناوچەکانی پارێزگای دهۆک دەبارێت پاشان کاریگەریی بەشێوەیەکی لاواز درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکانی ناوەڕاستی هەرێمی کوردستان و هەندێک لە ناوچەکانی پارێزگای هەولێر، لە کاتەکانی ئێوارە کاریگەری بە لاوازی لەناوچە شاخاوییە سنووریەکانی باکوور دەمێنێتەوە .
کەشناسی دەڵێت: سبەی پلەکانی گەرما لە ناوچە شاخاوییەکان بەتایبەتی لە ناوچە سنووریەکان و بادینان بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە.
بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسی، سبەی بەرزترین پلەکانی گەرما بەمجۆرە دەبن:
هەولێر: 33 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 31 پلەى سیلیزى
دهۆک: 31 پلەى سیلیزى
کەرکوک: 35 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 34 پلەى سیلیزى
زاخۆ : 30 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 20 پلەى سیلیزى
سۆران: 26 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 35 پلەى سیلیزى