کۆمپانیای ستارلینک ئینتەرنێتی ئاسمانیی بۆ یەمەن دابینکرد

لۆگۆی سپەیس ئێکس

کۆمپانیای ستارلینک، کە لەلایەن ئیلۆن مەسک ملیاردێری ئەمریکییەوە خاوەندارێتی دەکرێت رایگەیاند، خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی ئاسمانی بۆ یەمەن دابینکردووە، ئەو هەنگاوەش ناڕەزایی حوسییەکانی لێکەوتەوە.

کۆمپانیای ستارلینک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی ئاسمانی بۆ یەمەن دەستەبەرکردوە، بەگوێرەی نەخشەی خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکە، یەمەن یەکەم وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە ئینتەرنێتی ستارلینکی بۆ دابینکراوە.

حکومەتی یەمەن کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراوە و لە 6ـی ئابدا رەزامەندی خۆی بۆ هاتنە ناوەوەی ستارلینک بۆ وڵاتەکەی راگەیاندبوو، پێشوازی لە دەستپێکردنی خزمەتگوزارییەکە کرد.

بەگوێرەى ئاژانسى هەواڵی فەرمی "سەبەء"، خزمەتگوزارییەکە لە رێگەی دابەشکارانی ناوخۆوە دەبێت کە خزمەتگوزاریی فرۆشتن و پاڵپشتی تەکنیکی بە هاوڵاتییان بەنرخێکی گونجاو پێشکەش دەکەن، ئەم هەنگاوە لە هەوڵێکدایە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە یەمەن کە دوای چەندین ساڵ لە شەڕی بەردەوام بەدەست تێکچوونی ژێرخانەوە دەناڵێنێت.

ئەم هەنگاوە حوسییەکانی تووڕە کرد، کە کۆنترۆڵی باکووری وڵاتەکەیان لە نێویاندا سەنعای پایتەخت لە دەستدایە، محەمەد بەخیتى، گوتەبێژی نووسینگەی سیاسیی حوسییەکان لە تۆڕى ئێکس رەخنەى لەم پێشهاتە گرت و بە "بەشێک لە شەڕی دژ بە یەمەن بە سەرکردایەتی ئەمریکا" ناویبرد.

ستارلینک خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتە، لە رێگەی مانگی دەستکردی "سپەیس ئێكس" دابیندەکرێت، بە تایبەت بۆ ئەو شوێنانەی جیهان، کە ناتوانرێت وەکو پێویست خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی گونجاوی بۆ دابینبکرێت.