پسپۆڕێک: گۆشتی سوور هۆکارێکی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆنە

د. دارا ئەحمەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی هەرس و جگەر و قەڵەوی

یەکێک لە لایەنەکانی چارەسەر لە جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە و بەتایبەتیش شێرپەنجەی کۆئەندامی هەرس  و جگەر نەشتەرگەرییە، سەنتەری نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر لە سلێمانی لە مانگی رابردوودا زیاتر لە 420 نەشتەرگەریی جۆراوجۆری تێدا کراوە کە بەشێک لەم نەشتەرگەرییانە بۆ شێرپەنجە بوون.

د. دارا ئەحمەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی هەرس و جگەر و قەڵەوی، یەکێکە لە پزیشکانی سەنتەرەکە و لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 باسی لە هۆکارە باوەکانی گرێ شێرپەنجەییەکانی هەرس و جگەر کرد.

"شێرپەنجەی کۆئەندامی هەرس دەکرێت لە سوورێنچک، گەدە، ریخۆڵە، کۆڵۆن، رێکە، پەنکریاس و جگەردا رووبدات، بەڵام شێرپەنجەی کۆڵۆن لە هەموویان باوترینە" د. دارا ئەحمەد وای گوت.

لەبارەی هۆکارەکانی شێرپەنجەی کۆڵۆنەوە، پسپۆڕەکە باسی لەوە کرد لە بەشێکی بەرچاوی ئەوانەی تووشی شێرپەنجەکە دەبن، مێژوویی خێزانیی نەخۆشییەکەیان هەیە، واتە هۆکاری بۆماوەیی رۆڵێکی بەرچاو دەبینێت. د. دارا دەڵێت ئەو کەسانەی بەشێوازێکی بۆماوەیی تووشی نەخۆشییەکە دەبن، سەرەتا چەند گرێیەکی ناشێرپەنجەیی لە کۆڵۆنیاندا دروستدەبێت کە دوایی گرێکان دەگۆڕێن بۆ گرێی شێرپەنجەیی؛ "لەبەر ئەم هۆکارەیە کە دەڵێین دەبێت لە 45 ساڵییەوە ناوبینی کۆڵۆن بکرێت، چونکە بە کردنی ناوبین بە تەواوی رێگری لە شێرپەنجە دەکرێت".

پسپۆڕەکە باسی لە هەندێک هۆکاری دیکەی شێرپەنجەی کۆڵۆن کرد، لەوانەش: خواردنی گۆشتی سوور، قەڵەوی، شێوازی ژیانی ناتەندروست، جگەرەکێشان و خواردنەوەی کحول و نەجووڵان. د. دارا دەڵێت ئەم هۆکارانە مەترسیی تووشبوون بە زۆرێک لە شێرپەنجەکانی دیکەی هەرس و جگەریش زیاددەکەن.

لە درێژەی قسەکانیدا د. دارا ئەحمەد باسی لە نەخۆشخانەی فێرکاریی هەرس و جگەر لە سلێمانی کرد. بە گوتەی پسپۆڕەکە، ئەم نەخۆشخانەیە یەکێکە لە پێشکەوتووترین نەخۆشخانەکانی عێراق  و هەرێمی کوردستان؛ "لەم سەنتەرەدا پێشکەوتووترین ئامێری ناوبینی بۆ نەشتەرگەریی هەرس و جگەر بەکاردەهێنرێت لە ئامێری ناوبینیی 4kـە و ئەگەری هەڵەی کاتی نەشتەرگەری بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە"