چۆن پچڕانی بەستەری ئەژنۆ چارەسەردەکرێت؟

د. هونەر محەمەد، پسپۆڕی ئێسک و شكاوی و جومگەکان

زووزوو گوێمان لێدەبێت یاریزانێک، جا پیشەگەر بێت یان ناپیشەگەر، تووشی پێکانی جومگەی ئەژنۆ بووە؛ چونکە پێکانی ئەم جومگەیە تا ئاستێکی زۆر باوە. ئەمە بەشێکی پەیوەستە بە شوێنی جومگەکەوە لەناو جەستەدا، کە زەبری زۆری بەردەکەوێت، بەشێکیشی پەیوەستە بە پێکهاتەی جومگەی ئەژنۆوە.

بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر پێکانەکانی جومگەی ئەژنۆ و رێگەکانی چارەسەرکردن، کەناڵ8 گفتوگۆی لەگەڵ د. هونەر محەمەد، پسپۆڕی ئێسک و شكاوی و جومگە کردووە.

پزیشکەکە باسێکی لە پێکاتەی جومگەی ئەژنۆ کرد و گوتی "ئەژنۆ، جیاواز لە جومگەکانی دیکەی جەستە، تەختە؛ واتە هەردوو ئێسکەکە نەچوونەتە ناو یەک و لەسەر یەک دانیشتوون و لەڕێگەی کۆمەڵێک بەستەرەوە بەیەکەوە بەستراون؛ ئەمە وادەکات پێکانی ئەم جومگەیە لە کاتی یاریکردندا ئاسانتر بێت"

پچرانی بەستەرەکانی ئەژنۆ، زیاتر لەو یاریزانانەدا روودەدات کە پیشەگەرنین، بە گوتەی پزیشکەکەی ئێسک و شکاوی، هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی توانای جەستەیی و شارەزایی لەلایەن ئەو کەسانەوە کە یاریدەکەن.

یاریزانێک چۆن بزانێت بەستەری پچڕاوە؟

پچڕانی بەستەر دەکرێت بە چەند نیشانەیەک بناسرێتەوە، کە هەندێکیان زوو دەردەکەون و هەندێکیشیان درەنگ.

"یاریزانەکە گوێی لە کرتەیەک دەبێت لە کاتی یاریکردندا، دواتر هەست بە ئازارێکی زۆر دەکات و ئەژنۆی دەئاوسێت"

د. هونەر محەمەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسک و شکاوی و جومگە
پچڕانی بەستەری ئەژنۆ

دوای پچڕانی بەستەر، یاریزانەکە دەستبکاتەوە بە یاریکردن؟

بەشێکی زۆری یاریزانان لە کاتی بوونی ئەم نیشانانە، بەهۆی ئازاری زۆرەوە ناچاردەبن لە یاریکردن بوەستن. لەوانەیە دوای دوو بۆ سێ هەفتە، کاتێک ئازار و ئاوسانیان نامێنێت، هەستبکەن چاکبوونەتەوە و دەتوانن دووبارە دەستبکەنەوە بە یاریکردن. د. هونەر محەمەد بە کەناڵ8ـی گوت "نابێت کە نیشانەکان نەمان یاریزانەکە دەستبکاتەوە بە یارکردن، چونکە ئەگەر بەردەوام بێت، دەکرێت لاوازیی جومگەی ئەژنۆ سەربکێشێت بۆ تەقینی کڕکڕاگەی ناو جومگەکە" بەڵکو دەبێت لەدوای ئەم نیشانانە یاریزانەکە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و شکاوی بکات بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

چارەسەرەکان چین؟

کاتێک باس لە چارەسەرەکان دەکرێت، ئەوەی بۆ بەشێکی زۆری یاریزانان گرنگە، گەڕانەوەیە بۆ یاریکردن. "ئەگەر کەسەکە بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ناو یاریگە، دەبێت لە ماوەی سێ بۆ شەش مانگدا نەشتەرگەری بکات؛ دوای نەشتەرگەرییەکەش نزیکەی نۆ مانگی پێویستە تاوەکو دەتوانێت دووبارە یاریبکاتەوە. خۆ ئەگەر کەسەکە نەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ یاریکردن، دەتوانێت نەشتەرگەری نەکات، بەڵام گرنگە بەردەوام بێت لە وەرزشکردن و جۆری وەرزشەکەی بگۆڕێت؛ بۆنموونە دەستبکات بە وەرزشوانی لەشرێکی"

یەکێک لە چارەسەرەکانی پچڕانی بەستەری ئەژنۆ

نەشتەرگەرییەکە چۆنە؟

د. هونەر محەمەد دەڵێت : بەستەر خۆی چاکنابێتەوە، بەڵکو پێویستە بەستەرێکی دیکە بۆ کەسەکە بچێنرێت؛ بۆ ئەمەش، یەکێک لە ژێیەکانی ماسولکەی خودی کەسەکە وەردەگیرێت و وەکو بەستەر بۆی دەچێنرێت. ئەو بەستەرەی دەچێنرێت، زۆر بەهێزترە لە بەستەری بنەڕەتیی کەسەکە"

رێنماییەکان بۆ کەسێک کە نەشتەرگەری بۆ کراوە چین؟

کاتێک پزیشک یاریزانێک ئاگاداردەکاتەوە لەوەی بەستەری پچڕاوە، پێیدەڵێت بەستەری پێشەوە یان دواوەت پچڕاوە. "دوای ئەمە یاریزانەکە ئەگەر بەستەری پێشەوەی پچڕابێت، دەچێت ئەو راهێنانانە دەکات کە ماسولەکانی بەشی پێشەوەی ران بەهێزدەکەن؛ ئەمە هەڵەیە. ئەگەر بێتوو بەستەری پێشەوە پچڕابێت، یاریزانەکە دەبێت کار بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکانی دواوەی ران بکات، بە پێچەوانەشەوە"

یەکێکی دیکە لە رێنماییەکانی پزیشکەکە بۆ یاریزانان ئەوە بوو کە گرنگە کێشی خۆیان داببەزێنن و خۆیان دانەبڕن لە وەرزشکردن لەژێر رێنمایی پزیشکەکەیاندا.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە خۆراکەکانی وەکو بامیە و سەروپێ بە هیچ جۆرێک سوودیان بۆ تەندروستیی جومگەکان نییە.