وەزارەتی تەندروستی لە بڕیارێکی نوێدا رێگە نادات دەرمانسازان هیچ دەرمانێک بەبێ رەچەتەی پزیشک بدەن بە چارەخواز، بڕیارەکە تایبەت کراوە بە دەرمانسازان و ئەمەش ناڕەزایی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستانی لێکەوتووەتەوە.
لەمیانی چاوپێکەوتنێکی تایبەتی تەندروستیی کەناڵ8ـدا لەگەڵ د.بارێف زاهیر رەشید، نەقیبی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان، بە وردی باس لەم بڕیارە و ناڕەزاییەکانی سەندیکای دەرمانسازان لەم بارەیەوە کرا.
دەرمانسازان پێویستیان بەم رێنمایی و بڕیارانە نییە، بەڵکو ئەوان خۆیان بە گوێرەی یاساکانی دەرمانسازی کاردەکەن و شتێک لەرووی یاساییەوە رێگەپێدراو نەبێت نایکەن، راستە دەکرێت هەندێک دەرمانساز پێشێلی یاسا بکەن، بەڵام بە گشتی دەرمانسازان بەگوێرەی یاساکان کاردەکەن.
نەقیبی سەندیکاکە باسی لەوەشکرد کە ئەوان نیگەرانن بەوەی کە بڕیارەکە گشتگیر نییە و تایبەت کراوە بە دەرمانسازان، لەکاتێکدا ئەو کەسانەش زۆرن کە کارمەندی تەندروستین یان دەرمانساز نین و دەرمان دەفرۆشن، باسی لەوەشکرد کە وەزارەتی تەندروستی وەزارەتێکی گەورەیە و دەرمان تەنیا بەشێکی بچوکییەتی و نەدەبوو بڕیارەکە هێندە تایبەتبێت بە بابەتی دەرمان و دەرمانسازان.
من نیگەرانم لەوەی وەزارەتی تەندروستی لەجیاتی ئەوەی سەرنجی لەسەر سیستمی تەندروستیبێت وەکو سیستم، سەرنجی تەنیا لەسەر دەرمانسازانە لەکاتێکدا پێویستە سەرنج لەسەر هەموو لایەنەکانی سیستمەکە بێت و هەوڵی باشترکردنی بدرێت لە هەموو روویەکەوە
"لەگەڵ ئەوەی کارمەندانی تەندروستی هاوپیشەمانن، بەڵام ئێمە وەکو سەندیکا کاتێک دەبینین کارەکانی دەرمانسازی کەسانێک دەیکەن کە دەرمانسازنین، ناچارین بەگوێرەی یاسا ناڕەزایی دەرببڕین بۆ گەڕانەوەی شکۆی پیشەی دەرمانسازی و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیش، چونکە هیچ کەسێک وەکو دەرمانساز ئەزموونی لەگەڵ دەرماندا نییە و ناتوانێت وەسفی دەرمان بە شێوازێکی زانستی و تەندروست بە چارەخواز بگەیەنێت"
د.بارێف گوتیشی "وەکو سەندیکا نووسراومان بۆ حکومەت و داواکاری گشتی ناردووە و باسمان لەوەکردووە کە چەند مەترسیدارە ئەو کەسانەی دەرمانسازنین مامەڵە لەگەڵ دەرماندا بکەن، هیوادارم نووسراوەکانمان جێگەی خۆیان بگرن. جاران ئەگەر 200 دەرمانساز هەبووبێت لە کوردستان، ئێستا لەوانەیە 6 هەزار دەرمانسازمان هەبێت، هەربۆیە بەشی پێویست دەرمانسازمان هەیە و پێویستمان بە کەسانی تر نییە ئەم کارە بکەن".
د.بارێف باسی لە مەترسییەکی گەورەی هەڵەبەکارهێنانی دەرمان کرد و گوتی "یەکێک لەو بابەتە زۆر گرنگانەی پێویستە وەزارەتی تەندروستی گرنگی پێبدات، زیادبەکارهێنانی دژەبەکتریاکانە کە وادەکات بەکتریاکان بەهێزببن و وایلێبێت رۆژێک دابێت بەهۆی هەوکردنێکی سادەوە کەسێک گیانلەدەستبدات، ئەمەش تەنیا دەرمانسازان بەرپرسنین لێی بەڵکو هەموو لایەنەکانی وەزارەتی تەندروستی و حکومەتیش بەرپرسن و پێویستە پێکەوە کاربکەن بۆ رێگریکردن لەم کارەساتە گەورەیە".