مایکرۆسۆفت وێستگەیەکی ئەتۆمی چۆڵکراو دووبارە چالاکدەکات

دورگەی سێ میل

بڕیارە وێستگەیەکی ئەتۆمی بەرهەمهێنانی وزە کە بۆ ماوەی پێنج ساڵە چۆڵکراوە و لەسەر دوورگەیەکی پێنج کیلۆمەترییە لە ویلایەتی پێنسلڤانیای ئەمریکا دووبارە چالاک بکرێتەوە، ئەمەش دوای رێکەوتنێکی 20 ساڵەی کڕینی کارەبا لە نێوان کۆمپانیای کۆنستێلەیشن ئینێرجی و مایکرۆسۆفت.

چالاککردنەوەکە بۆ پشتگیریکردنی ناوەندەکانی داتای کۆمپانیاکە و پێشخستنی پەرەپێدانەکانی ژیریی دەستکردە، بەهۆی پێویستییان بە بڕە کارەبایەکی زۆر، مایکرۆسۆفت دەیەوێت کارەبا لە رێگەیەکی ژینگە دۆستانەوە بەرهەمبهێنێت.

دووبارە چالاککردنەوەی وێستگەکە دەبێتە هۆی دابینکردنی 835 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی کارەبای ویلایەتی پێنسلڤانیا و نزیکەی 3,400 هەلی کار دروست دەکات و بە نزیکەیی 16 ملیار دۆلار بەشداری لە ئابووری ویلایەتەکەدا دەکات. کاراکردنەوەشی وەبەرهێنانێکی بەرچاوی پێویست دەبێت لە نۆژەنکردنەوەکەیدا، لەوانەش نوێکردنەوەی تۆرباین، مۆلیدە، گۆڕینی وزە و سیستەمی ساردکردنەوەکەی.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی داواکاری وزە بەهۆی زیادبوونی پشتبەستن بە ژیریی دەستکرد لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆجیاوە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە کاریگەرییە ژینگەییەکانی ناوەندەکانی داتاش لە زیادبووندایە بەهۆی بەکارهێنانی بڕێکی زۆر کارەبا، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە رەنگە دەردانی گازی ژەهراوی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر بێت لە پێشووتر.