چۆن ستیکەری رەنگاورەنگ و کارتۆنی منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە دڵخۆشدەکات؟

ئۆلیڤەر بورکارت و دایک و باوکی. فۆتۆ: AP

لە ئەمریکا رێکخراوێکی خێرخوازی، بۆ بەهێزکردنی لایەنی دەروونیی ئەو منداڵانەی تووشبووی شێرپەنجەن، ستیکەر دەکات  بە جانتا و چاکەتەوە و بێبەرامبەر دەیدات بە منداڵەکان.

چیرۆکی رێکخراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ منداڵێک کە خۆی تووشبووی شێرپەنجە بووە. ئۆلیڤەر بورکارد لە تەمەنی نۆ ساڵیدا تووشی شێرپەنجەی خوێن دەبێت و دەست بە وەرگرتنی چارەسەر دەکات. لەکاتی وەرگرتنی چارەسەردا لە نەخۆشخانە چاکەتێکی لەبەردا دەبێت کە لەلایەن دایک و باوکیەوە بە دەزوو نزیکەی 50 ستیکەری رەنگاورەنگی پێوەبووە، ستیکەرەکانی هەندێک فیلم کارتۆن، سۆپەرمان، پۆکیمۆن، ناسا، پۆلیس و سوپای وڵاتەکەی بە چاکەتەکەوە لکێنرابوون. ستیکەرەکان لەلایەن هەزاران کەسی جیهانەوە نێردرابوون پاش ئەوەی باوکی ئۆلیڤەر لەڕێگەی پۆستێکی سۆشاڵ میدیاوە داوای لە خەڵکی کردبوو بۆ پاڵپشتیکردن لە کوڕەکەی بۆی بنێرن.

"هەستم دەکرد هەموو ئەو کەسانەم لەگەڵن کە ستیکەرەکانیان بۆ ناردبووم، ئەمەش هەستێکی ئەرێنیی پێ دەبەخشیم" ئۆلیڤەر کە ئێستا تەمەنی 13 ساڵە وا دەڵێت.

دایک و باوکی ئۆلیڤەر، براین بورکهارت و تریشا برووکبانک، پاش ئەوەی کاریگەرییەکانی ئەم ستیکەرانە لەسەر کوڕەکەیان دەبینن، بیر لەوە دەکەنەوە کە لەوانەیە منداڵانی دیکەش پێویستیان بە هەمان پاڵپشتی و دڵخۆشکردن بێت، هەربۆیە پرۆژەیەکی خێرخوازییان بەناوی 'پرۆژەی ستیکەرەکانی ئۆلیڤەر' دامەزراند.

پاش سێ ساڵ لە دامەزراندنی پرۆژەکە، ستیکەرەکانی ئۆلیڤەر یارمەتیی زیاتر لە هەزار و 600 منداڵ و لاوی تووشبووی شێرپەنجەیان داوە، لە ڕێگەی جانتایەک یان چاکەتێک کە بە ستیکەر جوانکراوە دڵی منداڵەکان خۆشدەکەن و هێزێکی جیاوازیان پێ دەبەخشن. بۆ هەڵبژاردنی ستیکەرەکانیش منداڵە تووشبووەکان یان دایکوباوکیان لەڕێگەی وێبسایتێکەوە سەیری هەڵبژاردەکانیان دەکەن.

باویکی ئۆلیڤەر، برایان بورکارت دەڵێت "پرۆژەکەی ئێمە 100% بۆ ئەوەیە کە منداڵان بەهێزبکەین و وایان لێبکەین کە هەستبکەن تەنیا نین و سەر بە کۆمەڵەیەکی تایبەت بە خۆیانن، ستیکەرەکە خۆی گرنگ نییە، بەڵکو بەهێزبوونەکە گرنگە".