پێنج رێنمایی بۆ ئەو کەسانەی کە هەموو وردەکارییەکی ژیانیان باسدەکەن

وێڕای ئەوەی زۆرینەی پسپۆڕان هاوڕان لەوەی کۆمەڵایەتی بوون و هاوبەشیکردنی وردەکارییەکانی ژیان رێگەیەکە بۆ دروستکردنی هاوڕێیەتییەکی باش و دوورکەوتنەوە لە بیرکردنەوەی زۆر و گۆشەگیربوون، بەڵام لە هەمان کاتدا زیادەڕۆیی کردن لە باسکردنی ئەو شتانەی کە پەیوەندی بە ژیانی تایبەتییەوە هەیە دەکرێت ئەنجامی نەرێنی هەبێت.
زۆرکات ئەوانەی هەموو شتێکی ژیانیان باسدەکەن، هۆشیاری تەواوییان نیە بۆ وەستاندنی خۆیان لەو رەفتارە، بۆ ئەم مەبەستەش ماڵپەڕی "ماریج" چەند رێنماییەکی بڵاوکردووەتەوە، دیارترینیشیان ئەمانەن:
ئەنجامدانی میدیتەیشن:
هەندێک کات بە بیرکردنەوە بەسەر ببە لەوەی بۆ ئارەزوو دەکەیت زیادەڕۆیی بکەیت لە هاوبەشی کردی بابەتەکانی ژیانت، ئایا ئەوە پەیوەندی بە رابردووتەوە هەیە؟ یان ترس لە رەتکردنەوە؟ یاخود واهەستدەکەیت پێویستت بەوەیە کەسانی دیکە بڕوات پێبکەن؟. تێگەیشتن لەو هۆکارەی کە واتلێدەکات زۆرترین شت هاوبەشی پێبکەیت واتلێدەکات بتوانیت چارەسەری کێشەکە بکەیت.
سنوور لە پەیوەندییەکانتدا دابنێ:
دانانی سنوور واتای ئەوە نیە کە خۆت دووربخەیتەوە، بەڵکو بەو واتایە دێت کە ئەو زانیارییانە دیاری بکە کە ئاسوودەیت لە هاوبەشی پێکردنیان، ئەو زانیارییانەش دیاری بکە کە دەبێت بە نهێنی بیانهێڵیتەوە، ئەمە یارمەتیت دەدات پارێزگاریی لە بازنەی تایبەتیت بکەیت و پەیوەندییەکانیشت بە باشی بهێڵیتەوە.
خوێندنەوەی ئاماژە کۆمەڵایەتییەکان:
ئاگاداری وەڵامدانەوەی دەورووبەرت ببە، ئەگەر هەندێک ئاماژەی وەک نارەحەتبوون، گرنگینەدان یان سوپرایزبوونت بینی، ئەوا دەبێت بزانیت کە تۆ زیادەڕۆیی دەکەیت لە هاوبەشی پێکردندا، هەروەها دەبێت بزانیت کە ئەوەی بە هاوڕێ نزیکەکەتی دەڵێیت نابێت بە هاوپیشەیەکی شوێنی کارەکەشتی بڵێیت.
بیرەوەرییەکانت بنووسەرەوە:
زۆرکات ئەوانەی کە زۆرترین زانیاری لەبارەی خۆیانەوە هاوبەشی پێدەکەن ئەو کەسانەن کە بە شۆک یان کێشەیەکی گەورەدا تێپەڕیون، دەکرێت نووسینەوەی بیرەوەرییەکان یەکێک بێت لە رێگەکان بۆ رێکخستنی بیرکردنەوە و هەستەکان، بەبێ ئەوەی زیادەڕۆیی بکرێت لە هاوبەشی پێکردنی لەگەڵ کەسانی دیکەدا.
خۆڕاهێنان لەسەر گوێگرتن:
ئەو سەرنجەی کە خستووتەتە سەر خۆت بیخەرە سەر کەسانی دیکە و هەوڵبدە زیاتر گوێ بگریت و سەرنج بخەیتە سەر وشەکانیان، پەیوەندیی چاویت بپارێزە لەگەڵیان، لەبارەی قسەکانیانەوە پرسیاریان لێبکە، ئەمە واتلێدەکات شێوازێکی پەیوەندی هاوسەنگتر دروست بکەیت.