لەمیانی بوڵتنی تەندروستیی کەناڵ8ـدا، د. کۆیان زاهیر، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵی منداڵان باسی لە نەخۆشییە زگماکییە باوەکان کرد و باسی لە چەند رێنماییەکی گرنگیش کرد کە دەکرێت هۆکاربن بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوونی منداڵان بەم نەخۆشییانە.
سەرەتا د. کۆیان باسی لەوە کرد کە گرفتە زگماکییەکان ئەو گرفت و نەخۆشیانەن کە لەگەڵ پەرەسەندنی کۆرپەلە لە سکی دایکدا دروستدەبن و لە هەزار منداڵدا دەکرێت هەشتیان هەیانبێت، هەروەها ئەم نەخۆشییانە پاڵنەرێکی گەورەن بۆئەوەی دایکوباوکان منداڵەکانیان ببەن بۆلای پزیشکی پسپۆڕی منداڵان، ئەم نەخۆشییانە دەکرێت سادەبن و بە ئاسانی چارەسەربکرێن هەروەها دەشکرێت زۆر ئاڵۆزبن و چارەسەرەکانیان ئاسان نەبن.
سەبارەت بە جۆرەکانی ئەم نەخۆشییانە د. کۆیان زاهیر گوتی "نەخۆشییە زگماکییەکانی دڵی منداڵان خۆیان دەبیننەوە لە تەسکبوونەوەی شاخوێنبەر یان خوێنبەری سییەکان، زمانەی راست یان چەپی دڵ شلبووەتەوە یان منداڵەکە دڵی کونە و لەوانەیە ئەم کونە لە نێوان سکۆڵەکان یان گوێچکەڵەکاندا هەبێت، هەروەها نەخۆشییەکی دیکە بریتییە لەدانەخرانی ئەو بۆرییەی کە لە نێوان شاخوێنبەر و بۆریی سییەکاندایە (ئەم بۆرییە لە سکی دایکدا پێویستە کراوەبێت و لەکاتی لەدایکبووندا دەبێت دابخرێت، بەڵام هەندێکجار بەهۆی گرفتە زگماکییەکانەوە بە کراوەیی دەمێنێتەوە و گرفت دروستدەکات) و چەندین گرفتی تریش".
"کونی نێوان گوێچکەڵەکان سەلامەتتر و بێدەنگترن و دەکرێت پێیان نەزانرێت، بەجۆرێک زۆرجار لە گەورەییدا دەردەکەون و پزیشکی دڵ بۆمان دەنێرێت. سەبارەت بە کونی نێوان سکۆڵەکان، ئەم جۆرەیان زووتر دەردەکەوێت و زۆرجار پزیشکی منداڵان دەستنیشانی دەکات".
سەبارەت بە جیاوازیی قەبارەی کونی دڵ پسپۆڕەکە گوتی "کونی دڵ بەگوێرەی قەبارەکەی شێوازی چارەسەرەکانیشی دەگۆڕێت، بۆنموونە ئەگەر کونێک بچوکبێت ئەوا دەکرێت تەنیا چەند مانگ جارێک چاودێری بکەین و پێویستی بە هیچ جۆرە چارەسەرێک نەبێت، ئەگەر کونێک قەبارەکەی مامناوەند بێت، ئەوا دەکرێت تەنیا چاودێریی چارەخوازەکە بکەین و دەرمانی پێبدەین بۆ ئەوەی رێگری بکەین لە سستبوونی دڵەکە، و ئەگەر کونێک گەورەشبێت دەکرێت حاڵەتێکی ئاڵۆزبێت و بە ئاسانی چارەسەرناکرێت هەروەها دەکرێت پێویستی بە نەشتەرگەریش هەبێت".
رێنمایی
د. کۆیان زاهیر بە گرنگی زانی کە رێنمایی دایکانوباوکان بکات بەوەی کە پێویستە منداڵ کە لەدایکدەبێت لە هەفتەی یەکەمدا پزیشکێک بیبینێت و لانیکەم لە ساڵی یەکەمی تەمەنیدا چوار بۆ پێنج جار پزیشکی منداڵان بینیبێتی. هەروەها باسی لەوەش کرد کە نابێت هەندێک نیشانەی گرنگ پشتگوێ بخەن وەکو شینبوونەوەی لێو و زمان، هیلاکبوون و ئارەقکردنەوە لەکاتی شیرخواردندا، کەمبوونەوەی شیرخواردن و هەناسەتوندی. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا پسپۆڕەکە جەختی کردەوە لەسەر رێگەکانی کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوونی منداڵان بەم نەخۆشییانە و گوتی " بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوونی منداڵان بە گرفتە زگماکییەکان، گرنگە خانمان پێش دووگیانبوون پلانی دووگیانی دابنێن و ئاگاداربن لەوەی کە ئایا دووگیانن یان نا بۆئەوەی بەدووربن لە بەکارهێنانی هەندێک جۆری دەرمان، خواردنەوە کحولییەکان، جگەرە و زۆرێک لە خووە زیانبەخشەکانی دیکەش، هەروەها پێویستە لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕی ژنان و منداڵبوون چاودێریی بکرێن بۆئەوەی لە ئەگەری هەر گرفتێکدا لەماوەی دووگیانییەکەدا ئەم پزیشکانە بڕیاربدەن لەوەی کە چۆن مامەڵە لەگەڵ نەخۆشییەکەدا بکەن، هەندێجار لەوانەیە پێویستبکات منداڵەکە لەبارببرێت چونکە لەوانەیە نەخۆشییەکی هەبێت کە کاریگەریی زۆر دابنێت لەسەر شێوازی ژیانی منداڵەکە لە داهاتوودا".
سەبارەت بە نەشتەرگەریی دڵی منداڵان، د.کۆیان زاهیر گوتی "نەشتەرگەریی دڵی منداڵان لەلایەن ئەو پزیشکانەوە دەکرێت کە پسپۆڕی نەشتەرگەریی دڵن و تایبەتن بە نەخۆشییە زگماکییەکان، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان ئەو نەشتەرگەرییە ناکەن، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا بە بەردەوامی راوێژکردن لەنێوان ئەم پسپۆڕییە جیاوازانەدا هەیە بۆ باشتر چارەسەرکردنی چارەخوازەکان"
"ئەو منداڵانەی کە شینبوونەوەیان نییە و کونی دڵیان ئاڵۆزنییە و بە قەستەرە یان نەشتەرگەری چارەسەردەکرێن، ئەوا دوو ساڵی سەرەتا چاودێرییان دەکەین و پاشان ژیانێکی ئاسایی دەژین.
هەندێکیان کە حاڵەتەکەیان ئاڵۆزە، لەوانەیە پێویستبکات بە درێژایی ژیانیان لە ژێر چاودێریی پزیشکدابن و چالاکییەکانی رۆژانەیان سنوورداربکرێت"