دەکرێت تووشبووانی شەکرە چاکببنەوە؟

د. نەبیل عیسام نەعیم، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی

سەرەڕای ئەوەی پێشتر وادەزانرا کە تووشبووانی شەکرە بە هیچ جۆرێک چاکنابنەوە، پێداچوونەوەی توێژینەوەکان دەریانخستووە دەکرێت تووشبووانی شەکرە، بەتایبەت شەکرەی جۆری دوو، چاکببنەوە.

کام چارەخوازانە چاکدەبنەوە؟


ئەو چارەخوازانەی پاڵێوراون بۆ چاکبوونەوە ئەوانەن کە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەمیان هەیە، ئاستی شەکر لە خوێندایان زۆر بەرز نییە و پێویستیان بە چارەسەری زۆر نییە بۆ رێکخستنی شەکرەکەیان، هەروەها رێژەیەکی باشی کێشی زیادەی جەستەیان دابەزاندووە.

چاکبوونەوەکە یەکجارییە؟


چارەخوازەکە دەتوانێت بۆ ماوەی چەندین ساڵ، بەبێ وەرگرتنی دەرمان بەردەوامبێت، بەڵام لە ئەگەری پابەندنەبوون بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە لەوانەیە نەخۆشەکە بگەڕێتەوە.

یەکێک لە خاڵە گرنگەکان سەبارەت بە پرسی چاکبوونەوە بریتییەلە دەستێوەردانی خێرا (واتە کاتێک نەخۆشییەکە دەستنیشاندەکرێت)، چونکە تاوەکو نەخۆشییەکە زیاتر بمێنێتەوە، زیاتر زیان بە خانەکانی پەنکریاس دەگەیەنێت، ئەمەش ئەگەری چاکبوونەوە کەمدەکاتەوە.

دابەزاندنی کێش رۆڵی چییە لە چارەسەری شەکرەدا؟

دابەزاندنی کێش گرنگترین هۆکارە بۆ چاکبوونەوە، چونکە نزیکەی %57ی چارەخوازان دوای دابەزاندنی 10 بۆ 15 کیلۆ لە کێشی زیادەیان چاکدەبنەوە؛ خۆ ئەگەر زیاتر لە 20 کیلۆ داببەزێنرێت، رێژەی چاکبوونەوە بەرزدەبێتەوە بۆ %86.

ئەم کاریگەرییە باشەی دابەزاندنی کێش بەبێ گوێدان بە شێوازی بەکارهێنراو روودەدات، واتە کێشدابەزاندن لەڕێگەی رێجیم و وەرزش، نەشتەرگەری یان دەرزیی قەڵەوییەوە بێت جیاوازی نییە.

د. نەبیل عیسام نەعیم، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی