شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات، لە ئێوارەی رۆژی سێشەممەوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین سنووری پارێزگای سلێمانی بگرێتەوە و ئەگەر هەیە زیاتر لە 50 ملیمەتر باران ببارێت.
محەمەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئەگەری شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان هەیە بە تایبەتیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
گوتیشی، شەپۆلەکە تاوەکو رۆژی چوارشەممە 2ـی تشرینی یەکەمی 2024، بەردەوام دەبێت و هەورەبرووسکەی بەهێزیشی لەگەڵدا دەبێت و پلەکانی گەرماش بەشێوەیەکی بەرچاو نزمدەبنەوە.
بەگوتەی ئەو کەشناسە، لەماوەی شەپۆلەکەدا ئەگەر هەیە لە هەندێک ناوچەی سلێمانی و گەرمیان زیاتر لە 50 ملیمەتر باران ببارێت و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاویش هەیە.
لەبارەی ئەو رەشەبایەی بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، محەمەد کەمال ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت و سبەی خێرایی با کەمدەبێتەوە، بەڵام لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە چالاک دەبێتەوە و رۆژی پێنجشەممە بە تەواوەتی کۆتایی دێت.