یەکێک لەو ریگەیانەی پزیشکان سوودی لێ دەبینن بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان، باسکردنی نیشانەکانی چارەخوازانە لە زاری خۆیانەوە، گۆڕانی رەنگی میزیش یەکێکە لەو نیشانانەی کە زۆرجار بۆ یەکەمجار لەلایەن چارەخواز خۆیەوە هەستیپێدەکرێت.
بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر سەبارەت بە بابەتەکە، کەناڵ8 چاوپێکەوتنی لەگەڵ د. رەوا عومەر کرد، کە پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆیە. پسپۆڕەکە باسی لە گۆڕانی رەنگی میز کرد و روونکردنەوەی لەسەر ئەو پشکنینە پزیشکییانە دا کە بۆ دەستنیشانکردنی گرفتەکە بەکاردەهێنرێن.
هۆکارەکانی گۆڕانی رەنگی میز چین؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا پسپۆڕەکە گوتی "یەکەم هەنگاو بە وەرگرتنی مێژووی نەخۆشییەکە دەستپێدەکەین، لەوانەش تەمەن، رەگەز و هەموو ئەو زانیارانەی پەیوەستن بە نەخۆشییەکانی گورچیلەوە، تەنانەت مێژووی خۆراکی چارەخوازەکەش وەردەگرین". د. رەوا گوتی پاش ئەم هەنگاوە پشکنینی تایبەت بۆ چارەخوازەکە دەکرێت، لەوانە پشکنینی گشتیی میز، پشکنینی خوێن و پشکنینی سۆنار، پاش ئەمەش دەکرێت پشکنینی ناوبینی یان سیتی بکرێت.
لە درێژەی قسەکانیدا، پسپۆڕەکە ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە سەرەکیترین ئەو گۆڕانی رەنگانەی کە چارەخواز دەهێننە لای پزیشکی پسپۆڕ، گۆڕانی رەنگی میزە لە رەنگی ئاساییەوە بۆ رەنگی سوور، کە دەکرێت ئەمە بێزیان بێت و بەهۆی هەندێک دەرمانی دژەزیندەیی یان بەهۆی خواردنەوە (چەوەندەر یان بیبەری سوور) بێت.
د. رەوا عومەر گوتی، هۆکارەکان دەکرێت بەگوێرەی شوێنی زەبر یان نەخۆشییەکان جیابکرێنەوە، ئەگەر لە بەشی سەرەوەی کۆئەندامی گورچیلە و میزەڕۆ بەدوای هۆکارەکاندا بگەڕێین، دەکرێت هۆکاری سووربوونی رەنگی میز یان میزی خوێناوی زەبر یان نەخۆشییەکی گورچیلە، بەرد و زەبرگەیشتن بە بۆریی میز، بەرد یان شێرپەنجەی میزڵدان.
پسپۆڕەکەی نەشتەرگەریی گورچیلە باسی لە هۆکارێکی بڵاو و مەترسیداری شێرپەنجەی گورچیلە و میزەڕۆ کرد و گوتی "جگەرەکێشان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی شێرپەنجەی کۆئەندامی گورچیلە و میزەڕۆ و بەتایبەتیش شێرپەنجەی میزڵدان، گرنگە ئەو کەسانەی جگەرەکێشن و تەمەنیان لە سەرووی 40 ساڵییەوەیە، هەرکاتێک رەنگی میزەکەیان گۆڕرا بە سوور، دەستبەجێ سەردانی پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ بکات".
ناوبینیی گورچیلە و میزڵدان چییە؟
یەکێک لەو پشکنینە پێشکەوتووانەی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت پشکنینی ناوبینیی میزڵدان و گورچیلەیە، کە هەم بۆ چارەسەر و هەم بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان، بەتایبەت شێرپەنجە بەکاردەهێنرێت. د. رەوا عومەر گوتی هەموو کەرەستەکانی پەیوەست بەم پشکنین و چارەسەرەوە بەردەستن و رێژەی سەرکەوتن لە دەستنیشانکردن و چارەسەرەکاندا لە ئاستێکی بەرزدایە.