خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لیستی یاریزانە بانگهێشکراوەکانی بۆ دوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیالی 2026 ئاشکراکرد.
لە پێکهاتەکەدا، 26یاریزان بانگهێشتکراون، کە هەریەکە لە فەهد تاڵب، مونتەزیر ماجید، لوکاس شلیمۆن، ئەحمەد یاسین دووبارە بانگهێشتکراونەتەوە، لەبەرامبەردا، هەریەکە لە زێدان ئیقبال و دانێلۆ سەعد لە پێکهاتەکە دوورخراونەتەوە، راهێنەرەکەی عێراق هۆکاری دوورخستنەوەشیانی بۆ بوونی پێکان و ماندوبوونی جەستەیی گەڕاندووەتەوە.
عێراق لە دوو یاریی داهاتووی پاڵاوتنەکاندا، رووبەڕووی فەڵەستین و کۆریای باشوور دەبێتەوە، ئەرکی یەکەمی ئاسانترە ویەکێک لە قورسترین یارییەکانی ئەمساڵی بەرامبەر کۆریای باشوور دەبێت، کە هیونگ مین سۆنی ئەستێرەی یانەی تۆتنهام یارییان بۆ دەکات.
شێرەکانی رافیدەین، لە دوو یاریی رابردوودا بەرامبەر بە عومان سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بەرامبەر بە کوەیت یەکسانبوو، چوار خاڵی کۆکردووەتەوە و لە کۆمەڵەکەی خۆیدا خانەی سێیەمی گرتووە و لە ژمارەی خاڵەکانیدا لەگەڵ یەکەم و دووەمدا هاوتایە، کە هەڵبژاردەکانی ئوردن و کۆریای باشوورن.