ئەمشەو کاتژمێر (09:00) بەکاتی هەرێمی کوردستان، لە گەڕی دووەمی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، یانەی شوڕتەی عێراقی لە "مەملەکە ئارینا" دەبێتە میوانی یانەی هیلالی سعودی، لە یەکەم یاریدا شوڕتە بەرامبەر بە نەسڕ یەکسانبوو، ئەمجارەش هەر رووبەڕووی یانەیەکی خولی رۆشەنی سعودی دەبێتەوە، بەڵام ئەرکەکەی هەرگیز ئاسان نییە، چونکە هیلال لە نەسڕ مەترسیدارترە و 41 یارییە لە سعودیە شکستی نەهێناوە.
یانەی شوڕتە، کە پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، هەشت یاریزانی نوێی گواستووەتەوە بۆ ریزەکانی، کە گرنگترینیان ئاکام هاشم و رێوان ئەمین و چەند یاریزانێلی پیشەگەری بیانین، بەڵام لەوەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێکیان چاوەڕوانکراو نەبوو، لە یەکەم دەرکەوتندا بە دوو گۆڵ بۆ هەردوولا بەرامبەر یانەی کەرمە یەکسانبوون و دواتر بە شەش گۆڵ یانەی دیالەیان تێپەڕاند و گەڕانەوە سەر رێڕەوی سەرکەوتنەکان.
یانەکەی بەغداد کە تەنیا نوێنەری عێراقە لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا، توانیشی لە یەکەم یارییدا لە یاریگەی مەدینە یەکسانبوون بەرامبەر نوێنەرێکی دیکەی سعودیە تۆمار بکات، کە ئەویش یانەی نەسڕە و لەو یارییەدا بەبێ کریستیانۆ سەردانی عێراقیان کرد.
رکابەری شوڕتە، یانەی هیلالی سعودییە، کە 41 یارییە لە خولی رۆشەنی سعودی، بەو هەموو یانە گەورەیە و گواستنەوەی دەیان یاریزانی وەک بنزیما و کانتێ و ئەوانی دیکە بۆ یانە رکابەرەکان، بەڵام هیچیان جورئەتی ئەوەیان نەکردووە لە زەعیمی وڵاتەکە ببەنەوە.
هیلال لەم وەرزەدا لە کۆی پێنج یاری، پێنج سەرکەوتنی هەبووە و میترۆڤیچ ی سڕبی بە تۆمارکردنی هەشت گۆڵ پێشەنگیی گۆڵکەرانی سحودیەیە و لەگەڵ هاوڕێکانی توانیویانە لەسەر ئاستی بەکۆمەڵ و تاکەکەسی کۆنتڕۆڵی خولی رۆشەن بکەن، یانەکە بە راهێنەرایەتی خۆرخی خیسۆز خستنی لە یانەکانی ئیتیحاد و نەسڕ بە کریستیانۆ و بنزیماوە بووەتە مەحاڵ، بۆیە ئەمشەویش ئاسان نییە شوڕتە بتوانێت ئەنجامێکی ئەرێنی لە یاریگەی ئەواندا بەدەستبهێنێت.