ئیپیک گەیمز سکاڵا لەسەر سامسۆنگ تۆماردەکات

کۆمپانیای ئێپیک گەیمز، سامسۆنگ تۆمەتبار دەکات بەوەی دابەزاندنی یارییە بەناوبانگەکەی فۆڕتنایتی لەسەر هەندێک لە ئامێری مۆبایلی سامسۆنگ ئاڵۆز کردووە.
لە سکاڵایەکی یاساییدا کۆمپانیای ئێپیک رایگەیاندووە، بەکارهێنەران دەبێت 21 هەنگاو تێبپەرێنن بۆ دامەزراندنی یارییەکە، کە بریتییە لە هۆشداریی ئەمنی و گۆڕینی رێکخستنەکان، کە سەرجەمیان بەهۆی تایبەتمەندی ئەوتۆ بڵۆکەری سامسۆنگەوە بە شێوەی خودکارانە ئەکتیڤکراوە و کاریگەری لەسەر دابەزاندنی فۆڕتنایت دروستکردوە.
ئێپیک دەڵێت، بەهۆی ئەم پرۆسە ئاڵۆز و هەنگاوە زۆرانەوە، 50%ی بەکارهێنەرانمان پێش تەواوکردنی رێکارەکان واز لە دابەزاندنی یارییەکە دەهێنن.
ئەمە لە کاتێکدایە ئیپیک گەیمز لە ماڵپەری خۆی بڵاویکردۆتەوە، هەنگاوەکانی دابەزاندنی یارییەکە لەسەر ئامێرەکانی دیکەی ئەندرۆید تەنیا 12 هەنگاوە نەوەکو 21 هەنگاو.
لەبەرامبەردا سامسۆنگ تۆمەتەکانی رەتکردەوە و رایگەیاند، بەکارهێنەران دەتوانن ئەوتۆ بلۆکەر بکوژێننەوە ئەگەر بیانەوێت. هەرها جەختیان لەوە کردەوە کە ئامێرەکانیان کێبڕکێی دادپەروەرانە و سەلامەتی بەکارهێنەر لەبەرچاودەگرن.
یاری ئەلکترۆنی فۆرتنایت لەلایەن کۆمپانیای ئیپیک گەیمزەوە لە ساڵی 2017 بڵاوکرایەوە و لە ساڵی 2020 لە ئەپ ستۆرەکانی ئەپڵ و گوگڵ لابرا دوای ئەوەی کۆمپانیای ئیپیک سیستمی پارەدانی تایبەت بە خۆی ناساند و بەکارهێنەران پێویستە یارییەکە لە فرۆشگای تایبەتی ئیپیک داببەزێنن.