بەرپرسێکى خانەنشینى پێشمەرگەى سلێمانى رایگەیاند، بۆ هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى سەربازى شاندى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ لەسەر هێڵن، تاوەکو ئێستا رێککەوتنى کۆتایی نەکراوە و گفتوگۆ لەسەر چۆنییەتى هاوتاکردنەکە بەردەوامە.
هادى ئەکرەم، بەڕێوەبەرى جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتى خانەنشینی پێشمەرگەى سلێمانى بەکەناڵ8ـی راگەیاند، لەمانگى ئاب و ئەیلول مووچەى خانەنشینانى سەربازى هاوتاى عێراق ناکرێت، بۆ مووچەى مانگى تشرینى یەکەم هاوتاکردنى مووچەکانیان وەستاوەتە سەر دەرئەنجامى گفتوگۆکانى شاندى خانەنشینیی هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ.
گوتیشى، گفتوگۆکان بەردەوامن لەسەر شێوازى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى سەربازى، هەرکات بەفەرمى راگەیەندرا کە هەرێمى کوردستان و بەغداد لەسەر ئەو پرسە گەیشتنە رێکەوتن ئەوکات مووچەى خانەنشینانى سەربازى هاوتا دەکرێت.
گرفتى سەرەکى بەردەم هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى سەربازیی، شێوازى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینى ئەو ئەفسەرو پلەدارانەیە کە بەگوێرەى یاسا عێراقیەکە مووچەکانیان کەمدەکات.