دەزگاری خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا دەڵیت ڤەیپ و جگەرەی ئەلیکترۆنی، هەرچەندە پێکهاتە زیانبەخشەکانی لە جگەرەی تووتن کەمترە، بەڵام دەشێت هەڵگری چەند ماددەیەکی زیانبەخش و کوشندە بن بەتایبەت لەسەر کۆئەندامی هەناسە و سییەکان. سەرەڕای ئەم رێنماییە، ئێستا زانایان مەزەندەی ئەوە دەکەن کە تەنیا لە بەریتانیا ژمارەی ئەو کەسانەی بەبێ ئەوەی پێشتر جگەرەیان کێشابێت ڤەیپ دەکێشن، گەیشتووەتەوە ملیۆنێک کەس.
ئێستا توێژینەوەیەکی کۆلێجی زانکۆیی لەندەن کە لە گۆڤاری لانسێتدا بڵاوکراوەتەوە دەریدەخات، رێژەی کێشانی ڤەیپ لە گەنجان و بەتایبەتیش کچانی گەنجدا بەشێوەیەکی مەترسیدار زیادیکردووە.
لە بەریتانیا ژمارەکە لە ساڵی 2020ـەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، لە ساڵی 2021ـیشەوە ئەو ڤەیپانە بەردەستن کە پاش بەکارهێنان دەبێت فڕێبدرێن. پسپۆڕان دەڵێن گەنجانی تەمەن 18 بۆ 24 ساڵ زۆرترین ژمارەی ئەو کەسانە پێک دەهێنن کە ڤەیپکێشن و زۆرێکیان هەرگیز پێشووتر جگەرەیان نەکێشاوە. بەرزبوونەوەی بەرچاوی کێشەرانی ڤەیپ پسپۆڕانی تەندروستیی وڵاتەکەی نیگەرانکردووە
د. سارا جاکسن، توێژەرێکی کۆلێجی زانکۆیی لەندەنە و دەڵێت "زۆربوونی بەرچاوی ڤەیپکێشان لە دوو لایەنەوە سەیر دەکرێت، ئەگەر بڵێین ئەو کەسانەی ڤەیپکێشن ئەگەر ڤەیپیان نەکێشایە دەستیان دەکرد بە جگەرەکێشان، ئەوا کێشانی ڤەیپ سوودبەخشە و زیانەکانی کەمترن، بەڵام لەلایەکی دیکەوە دەبینین کە بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە ڤەیپ دەکێشن پێشتر جگەرەکێش نەبوون، ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر تەندروستییان دروستدەکات".
پسپۆڕان دەڵێن ئەو کەسانەی تازە دەستیان بە کێشانی ڤەیپ و جگەرە ئەلیکترۆنییەکان کردووە، زیاتر لە رەگەزی مێن، گەنجن و ئەو کەسانەن کە بەڕێژەیەکی زیاتر کحول دەخۆنەوە.