پرۆژەیەک بۆ کارپێکردنى پاس لەشەقامى 60 مەترى سلێمانی دراوەتە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن

test
شارى سلێمانى. فۆتۆ: حەمە سوور

بەڕێوەبەرى گشتیى گواستنەوەى سلێمانى دەڵێت، پرۆژەیەکیان بۆ کارپێکردنى پاسى گەورە لە شەقامى 60 مەتریى سلێمانى پێشکەشى وەزارەتى گواستنەوە کردووە و چاوەڕوانى وەڵامى وەزارەتن.

سدیق محەمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى گواستنەوەى سلێمانى بە کەناڵ8ـی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکى فەرمییان لەوەزارەتى گواستنەوە و گەیاندنەوە بۆ نەچووە".

گوتیشى، کارەکانى پێوەرى تاکسى لە هەولێر و سلێمانى دراون بەکۆمپانیاکانى نزیک لە دەسەڵات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەى گرێبەستى ئەو کۆمپانیایانە نییە".

بەڕێوەبەرى گشتیى گواستنەوەى سلێمانى پێشبینیدەکات، ئەو پرۆسەیە بۆ دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دوابخرێت، دەشڵێت پرۆژەکە لە بەرژەوەندیى شۆفێرانى تاکسى نییە لەبەرئەوەى ئامێرى پێوەرەکە 200 بۆ 300 بۆلارى تێدەچێت".

بەگوتەى سدیق محەمەد، "پرۆژەى پێوەرى تاکسى پرۆژەیەکى شکستخواردووە، بۆ هەرێمى کوردستان، چونکە لەگەڵ سیستمى رێگاوبانى ئەم وڵاتە یەکناگرێتەوە و نرخى بەنزینیش جێگیر نییە".

بڕیارە لە ساڵی داهاتووەوە پرۆژەی تاکسی میتەر لە هەرێمی کوردستان بکەوێتە بوارەی جێبەجێکردنەوە و لە رێگەی پێوەرێکەوە بەگوێرەی کیلۆمەتر پارەی گواستنەوەی سەرنشین وەردەگیرێت

بەڕێوەبەرى گشتیى گواستنەوەى سلێمانى گوتیشی "پرۆژەیەکیان بۆ کارپێکردنى پاسى گەورە لە شەقامى شەستمەترى پێشکەشى وەزارەتکردووە و چاوەڕوانى ئەوەن رەزامەندى لەسەر پرۆژەکە بدرێت بۆ ئەوەى ئەو پرۆژەیە بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.