لە شەش پارێزگا رێوڕەسمی واژۆکردنی کتێبەکەی دەمیرتاش بەڕێوەدەچێت

لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا رێوڕەسمی واژۆکردنی دوایین کتێبی سەڵاحەدین دەمیرتاش بەڕێوەدەچێت.

میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، هەریەک لە باشاک دەمیرتاش، هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتمەداری بەندکراوی باکووری کوردستان و یغیت بەنەر، نووسەری دووەمی کتێبەکە، لە دیاربەکر دوایین کتێبی دەمیرتاش بە ناونیشانی "دوێتێک لەنێوان بەهەشت و دۆزەخدا" واژۆ دەکەن.

ئەمڕۆ لە دیاربەکر باشاک دەمیرتاش و یغیت بەنەرك چاوپێکەوتن لەگەڵ خوێنەرانی کتێبەکەدا ئەنجامدەدەن و سبەی رێوڕەسمی واژۆکردنی کتێبەکە بەڕێوەدەچێت و باشاک دەمیرتاش و یغیت بەنەرك ئامادە دەبن.

لە چەند رۆژی داهاتووشدا لە هەریەک لە وان و مێردین لە باکووری کوردستان و ئیزمیر، ئیستانبوڵ و ئەنقەرە، رێوڕەسمی واژۆکردنی کتێبی "دوێتێک لەنێوان بەهەشت و دۆزەخدا" بەڕێوەدەچێت.

"دوێتێک لەنێوان بەهەشت و دۆزەخدا" رۆمانێکە لەلایەن سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدەپە) کە لە گرتووخانەی ئەدیرنە دەستبەسەرە، بە هاوبەشی لەگەڵ یغیت بەنەر نووسراوە.

سەڵاحەدین دەمیرتاشی پارێزەر، سیاسەتمەدار و نووسەر، ساڵی 1973 کە لە شارۆچکەی پاڵوی پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان لەدایکبووە، لە دۆسییەی کۆبانێدا سزای 42 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە و هەشت ساڵە لە گرتووخانەی ئەدیرنە دەستبەسەرە.

یغیت بەنەرك نووسەر و وەرگێڕ، لە ساڵی 1958 لە برۆکسل لەدایکبووە، چەندین بەرهەمی لە فەڕەنسییەوە کردووەتە تورکی و ژمارەیەک بەرهەمی وەک رۆمان، چیرۆک و کتێبی مناڵانی نووسیوە. کتێب و گوتارەکانی بۆ زمانی فەڕەنسی وەرگێڕدراون و لە فەڕەنسا بڵاوکراونەتەوە.