ئەم وەرزە بۆ دانی کارڤاخال کۆتاییهات

گورزێکی کوشندە بەر یانەی ریاڵ مەدرید کەوت، ئەویش دانی کارڤاخالی ئیسپانی و بەرگریکاریی یانەکە بوو، کە لە دوایین ساتەکان لە یارییەکەی ریال مەدرید و ڤیاریاڵ تووشی پێکانێکی قورس بوو، بەهۆی ئەم پێکانەشەوە ئەم وەرزە بۆ ئەستێرەکە کۆتاییهات.

یارییەکە بە سەرکەوتنی مەدریدیەکان کۆتاییهات، بەڵام پێدەچێت بردنەوەکە بۆ ئەنچێلۆتی هێندە دڵخۆشکەرنەبێت، دانی کارڤاخال لە دوایین ساتی یارییەکە دوای بەرییەکەوتنی لەگەڵ یاریزانێکی ڤیاریاڵ، بەهاوارەوە کەوتە سەر زەوی و برایە دەرەوەی یاریگە، دواتر دەرکەوت تووشی پچڕانی بەستەری ئەژنۆ بووە لە جۆری (ئەی سی ئێڵ)، کە یەکێکە لە جۆرە قورسەکانی پچڕانی بەستەری ئەژنۆ.

کارڤاخال لە ئینستاگرام وێنەیەکی خۆی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی:"دەرکەوت کە تووشی پچڕانی بەستەری ئەژنۆ بووم و دەبێت نەشتەرگەریم بۆ بکرێت، بەو هۆیەوە ماوەی چەند مانگێک لە یاریگەکان دووردەکەومەوە، بەڵام چاوەرێـم بەزووترین  کات چارەسەر ببم و وەک دڕندەیەک دەگەڕێمەوە.".

کارڤاخال هەشت بۆ نۆ مانگ دووردەکەوێتەوە، لەم وەرزەدا لەگەڵ ریاڵ مەدرید بەشداریی لە 11 یاریی کردووە و گۆڵێک و ئاسیستێکی هەیە.