بەرشلۆنە خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبردنە لەم وەرزەی لالیگا

بەرشلۆنە بەئامانجی قەرەبووکردنەوەی یەکەم دۆڕاندنی ئەم وەرزەی بەرامبەر ئۆساسونا، ئەمشەو لە یاریگەی مێندیزۆرۆزا رووبەڕووی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس دەبێتەوە.

هەفتەی رابردوو، یانەکەی کەتەلۆنیا بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ بەشێوەیەکی چاوەرواننەکراو بەرامبەر ئۆساسونا، یەکەم شکستی ئەم وەرزەی تۆمارکرد، بەڵام بە 21 خاڵەوە هەر لە لوتکەی خولەکەدا مایەوە و ئەمڕۆش دەتوانێت فراوانییەکەی زیاتر بکات.

سەرەڕای ئەوەی بارسا لە چامپیۆنزلیگ بە پێنج گۆڵی بێوەڵام بەیانی گەڕانەوەیەکی بەهێزی کرد بەرامبەر بە یۆنگ بۆیزی سویسی، بەڵام ئەم یارییە بەرامبەر ئالاڤێس زۆر گرنگە، تاوەکو لە ناوخۆشدا هاندەرانی ئاشتبکاتەوە و دڵنیاییان پێبدات، کە ئەوەی بەرامبەر ئۆساسونا روویدا هەڵەیەک بوو روویداوە، هەروەک چۆن هانسی فلیکی راهێنەر، هەموو قورسایی شکستەکەی خستە ئەستۆی خۆی و بڕیارەکانی لەو یارییەدا.

بەرشلۆنە لەم وەرزەی خولی ئیسپانیا 25 گۆڵی تۆمارکردووە و ئەوەش دەریدەخات کە خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبردنە و سڵ لە رکابەرەکانی ناکاتەوە، بەهەمانشیوە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی گەڕاوەتەوە سەر فۆرمای ئاسایی خۆی و لە نۆ یاریدا 10 گۆڵی کردووە.

بەرشلۆنە بەبێ ترس رووبەڕووی ئالاڤێس نابێتەوە، بەڵام ژمارەکانیش هەر لە بەرژەوەندیی خۆیانە، چونکە لە 36 یاریی رابردوویاندا 24 جار بەرامبەر بە یانەکەی مێندیزۆرۆزا براوەبوون و لە مانگی کانوونی دووەمی 2001وە لەدەرەوەی یاریگەی خۆیاد بە ئالاڤێس نەدۆراوە.

ئالاڤێسی رکابەری بەرشلۆنەش ئەم وەرزە وەرزی شانسی نەبووە، لە هەشت یاریدا چواری دۆڕاندووە، بەڵام ئەوەی هیوایان پێدەبەخێت ئاستی جەستەییانە کە لەرکابەرە کەتەلۆنییەکەیان بەهێزترە، بەهۆی بەشداری نەکردنیان لە خولە ئەوروپییەکان.