حاجی لەق لەق بە هێمای فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام لە مەریوان دیاریکرا

test

فاتێح بادپەروا، سەرپەرشتیاریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەر شەقام لە مەریوان رایگەیاند، هەفتەیەکی دیکە، 17ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەر شەقام لە شاری مەریوان دەستپێدەکات و حاجی لەق لەقیش وەک هێمای فێستیڤاڵەکە دیاریکراوە.

بادپەروا راشیگەیاند، فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی ئەمساڵ لە مەریوان لە ساڵانی دیکە جیاوازتر دەبێت و بەشی نیشتمان بۆ فێستیڤاڵەکە زیادکراوە.

سەرپەرشتیاریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەر شەقام لە مەریوان گوتیشی "بودجەی تەرخانکراوی ئەمساڵ بۆ فێستیڤاڵەکە 120 هەزار دۆلارە، کە ناوەندی هونەری نمایش و بەشی بەرنامە و بودجەی پارێزگای سنە، شارەوانی و ئەنجوومەنی شارەوانی و ئەنجوومەنی کارگێڕیی شاری مەریوان بودجەکەی دابین دەکەن".

بادپەروا باسی ئەوەشیکرد، لە 11ـی تشرینی یەکەمەوە پێشوازی لە بەشداربووان دەکرێت، رۆژی دواتر تیپە شانۆییەکان بە ئامادەبوونی خەڵک و بە کەڕنەڤاڵ لە شەقامی کۆمارییەوە بەرەو پارکی میللەت دەڕۆن و دواتر دەست بە نمایشی شانۆکانیان دەکەن.

تیپەکان شانۆکانیان، لە پارکی میللەت، پارکی شانۆ، دەریاچەی زرێبار و مەیدانی باوەڕشی نمایش دەکەن و فێستیڤاڵەکەش رۆژی 16ـی تشرینی یەکەم کۆتایی پێدێت.

دەورووبەری دەریاچەی زرێبار لە مەریوان بە تایبەتی گوندی دەرەتفێ، زیاتر لە 15 ساڵە بووەتە شوێنێکی گرنگی حەوانەوەی حاجی لەق لەقەکان و نازناوی پایتەختی حاجی لەقەلەقاکانیشی پێدراوە. هاونیشتمانییان حاجی لەق لەقەکان دەپارێزن و خۆراک و هێلانەیان بۆ دابین دەکەن، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوە ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەیەکی زیاتر لە حاجی لەق لەقەکان روو لە ناوچەکە بکەن.

loading....