لە شاری هەولێر هەفتەی بۆشاییگەری جیهانی لە چواری تشرینی یەکەمەوە دەستیپێکردووە، وابڕیارە تاوەکو 10ی هەمان مانگ بەردەوام بێت
لە یەکەم رۆژی نمایشی هەفتەکەدا، بەرهەمی ماندووبوون و شەونخونی دەیان ساڵەی فۆتۆگرافەرێک بەناوی "ساماڵ تۆفیق" نمایشکرا، کە لە ناوچە شاخاوییەکان و لەناو سروشتی کوردستاندا وێنەکانی تۆمارکردووە.
ئەو فۆتۆگرافەرە لەپێناو گرتنی فۆتۆکانیدا، دەیان شەوی لە شاخە بەرزەکاندا بەسەربردووە، تا بتوانێت فۆتۆی جوانترین دیمەنەکانی ئاسمان بگرێت.
لەو بارەیەشەوە سەرۆکی ڕێکخراوی کوردستان فۆتۆ بە کەناڵ8ـی راگەیاند، پێشانگەکە بە شێوەیەکی گەڕۆک ئەنجامدەدرێت تاوەکو خوێندکاران و فێرخوازان ئاشنای ئەم فۆتۆیانە و تێلیسکۆپەکە ببن، لە باکووری کوردستانەوە دەستیان پێکردووە و لە شارەکانی باشووریشدا نمایشەکە دەکەن.
لە 6ـی کانوونی یەکەمی 1999ـەوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بڕیاری دەرچوونی هەفتەیەکی تایبەت بە بۆشایی دراوە، کە لەو هەفتەیەدا نزیکەی 5000 چالاکی و فێستیڤاڵ و جموجۆڵی زانستی لە 96 وڵاتی جیهانەوە ئەنجام دەدرێت.