خانەی سۆسەبی بۆ زیادکردنە ئاشکرا جیهانییەکان لە لەندەن، یەکێک لە تابلۆکانی بانکسی بۆ فرۆشتن داناوە، کە ئەویش تابلۆی "گالیسکەکان"ـە.
سۆسەبی کە تاوەکو ئێستا چەندین تابلۆی بانکسی فرۆشتووە، لە ئێستادا تابلۆی "گالیسکەکان" کە لە ساڵی 2006ـدا کێشاویەتی، بە نرخی نێوان 25 بۆ 35 هەزار پاوەند بۆ فرۆشتن داناوە.
بانکسی یەکێکە لە بەناوبانگترین هونەرمەندە هاوچەرخەکانی جیهان، وێڕای ناوبانگەکەی، بەڵام ناسنامەیەکی نادیاری هەیە و کەمترین شتی لەسەر دەزانرێت.
ناوبانگی بانکسی لە ئاستی ئەستێرە و هونەرمەندەکانی جیهاندایە، زۆرینەی هونەرمەند و رەخنەگران بە "هونەرمەندی گەریلای سەر شەقامەکان" دەیناسێنن.
باڵەخانە کۆن و دیوارە شۆردراوەکان، کانڤاسی دڵخوازی بانکسین، بۆ هەندێک کێشانی وێنەکانی لەسەر شوێنە گشتییەکان بە کارێکی جوان دادەنرێن و ناویان ناوە پاڵەوان، بۆ ژمارەیەکیش تێکدەر و ئاژاوەگێڕە و پێیان وایە ناوەندە گشتییەکان تێکدەدات.