چوارەمین دیداری ئەدەب و کولتووری هەورامان بەڕێوەچوو

test

رێوڕەسمی چوارەمین دیداری "ئەدەب و کولتووری هەورامانی" لەژێر ناوی ژنە شاعیری هەورامانی "جیهانئارا خانمی پاوەیی" سازکرا.

لە دیدارەکەدا لە سێ پانێڵدا، 10 توێژینەوە پێشکەشکران و توێژینەوەکان کراون بە کتێب و بڵاوکراونەتەوە.

هەروەها باس لەوەکرا، یەکەم تێکستی ئەدەبی ژنان لە ناو کوردادایە، تەروێزی هەورامی لە سەدەی چواری کۆچیدا نووسیویەتی، دیدارەکەش کرایە دەرفەتێک بۆ بەیەکگەشتنی نوسەران و ئەدەبدۆستانی هەورامانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان.

دیداری ئەدەب و کولتووری هەورامان، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا وەک یەکێک لە چالاکییە دیارەکان لە شاری هەڵەبجەدا بەڕێوەچووە، توانیویەتی جێگەی خۆی لەناو دڵی ئاشقان و خوێنەرانی ئەدەب و کولتووردا بکاتەوە.

لەلایەن رێکخەرانی دیدارەکەشەوە، ساڵ بە ساڵ شێوازی بەشداریپێکردنی توێژەرەکان و هەڵبژاردنی بابەتەکانیان گۆڕانی گەورەی هەمەجۆریی بەخۆیەوە بینیوە، هەوڵیانداوە کە ئەو بابەت و توێژینەوانە هەڵبژێرن کە سوودی بۆ ناوچەی هەورامان و ئاشقانی ئەدەبی ناوچەکە هەبێت، بەو ئامانجەی کە بتوانن ئەو گرنگی و بایەخە بۆ نەوەی داهاتووش بگوازنەوە.

دیدارەکە بووەتە نەریتێکی ساڵانە و هەر ساڵێک دیدارەکە بەناوی نووسەرێکی گەورەی هەورامانەوە ناو دەنرێت، ساڵی یەکەم بەناوی شاعیر و مامۆستای کۆچکردوو "عوسمان محەمەد هەورامی"ـیەوە بوو، ساڵی دووەم بەناوی "جەمال بێدار" ساڵی سێیەمیش بەناوی "د. محەمەد ئەمین هەورامانی"ـیەوە بووە.

ئەم ساڵیش، چوارەمین دیدار بەناوی جیهانئارا خانمی پاوەییەوە رێکخرا، کە لە کۆتایی سەدەی هەژدەیەم و سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم چەند تێکستێکی ئەدەبی دەربڕی هەست و سۆزی خانمانەی نوسیوە، کە دەگوترێت بۆ ئەو سەردەمە رێچکەشکێن بووە.

loading....