ژیریی دەستکرد شوێنەوارە دێرینەکانی بیابانی عەرەبیی دەدۆزێتەوە

ژیریی دەستکرد بووە بە سەرچاوەی سەرەکیی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکان، بەدیاریکراوییش لە بواری شوێنەوارناسییدا، سوودێکی گەورەی بە شوێنەوارناسەکان گەیاندووە لە دۆزینەوەی شوێنەواری نوێ.
لە سنووری بیابانی عەرەبییدا، شارەزایانی بواری شوێنەوار توانیویانە بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد، شوێنەواری نوێ بدۆزنەوە کە لە ناوچە دوورەدەستەکاندا هەڵکەوتوون و گەڕان تێیاندا ئاسان نییە.

توێژەرانی زانکۆی خەلیفە لە ئەبو زەبی، لەڕێگەی بەکارهێنانی فۆتۆی مانگی دەستکرد و ژیریی دەستکرد، رادارێکی نوێیان دروستکردووە، کە بە ئاسانیی دەتوانێت پشکنین بۆ گردۆڵکە لمینییەکانی بیابانی عەرەبیی بکات و بەگوێرەی شێوازی هەڵکەوتنیان دیاریی دەکات ئاخۆ ناوچەکە شوێنەواری مرۆیی لەخۆدەگرێت یاخود نا.

بەگوێرەی زانیارییەکان، رادارەکە تاوەکو ئێستا توانیویەتی بە راهێنانکردن لەسەر شوێنەوارێکی دێرینی پێنج هەزار ساڵە زیرەکییەکەی زیاد بکرێت.
ئەم تەکنەلۆجیایە لەماوەی رابردوودا لە وڵاتی پێرو کاری پێکراوە و سوودێکی زۆری هەبووە، کە تاوەکو ئێستا توانیویەتی زیاتر لە 300 شوێنەواری هونەریی و نەخشەی دێرین بدۆزێتەوە و پاڵنەر بێت بۆ بەرەوپێشچوونی دۆزینەوە شوێنەوارییەکان لە ئاستی جیهانییدا.