پێکانی بەستەرە خاچدارەکان و ڕیاڵ مەدرید چیرۆکێکی بەردەوامە

لەماوەی 18 مانگی ڕابردوودا ئەم جۆرە پێکانە بووەتە کێشەیەکی گەورە و بەرۆکی حەوت یاریزانی ریال مەدریدی گرتووە.
پێکانی بەستەرە خاچییەکان ماوەی ساڵ و نیوێکە بە نزیکەیی هەر دوو مانگ و نیو جارێک، جارێک روودەدات، زۆرترین پێکانی بەستەرە خاچییەکان لەنێو پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا لە ریال مەدرید بووە.
پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆ، لە تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکییەوە دەستیپێکرد، ئیدێر میلیتاوی بەڕازیلی گرتەوە و دەیڤد ئالابای نەمسایی، هاتریکی تەواو کرد، تاوەکو ئێستاش نەگەڕاوەتەوە.
پێکانەکانی بەستەرە خاچییەکان تەنانەت کاریگەری لەسەر سێ یاریزانی لاوی یانەکەش هەبووە، کە خوان مارتینێز و سیزار پاڵاسیۆس و دانی میسۆنێرۆ بوون، کۆتایەکەش دانی کارڤاخال بوو کە تاوەکو ساڵێکی دیکە ئەم کاتانە ناتوانێت بگەڕێتەوە.
هیچ شتێک بە رێکەوت روونادات و ئەم ڕێژە زۆرەی پێکانی بەستەرە خاچدارەکان ئاماژەیە بۆ بوونی کێشەیەک، بە گوێرەی سەرچاوەیەک لە ناوخۆی ریال، پسپۆرانی یانەکە لەهەوڵدان لەدەستپێکی وەرزەوە یاریزانان لەم پێکانە دووربخەنەوە، بەڵام سەرکەوتوو نابن.
ئەوان پێیانوایە، دەکرێت بابەتەکە پەیوەندی بە زەوی یاریگەکانەوە هەبێت، کە لە یانەیەکەوە بۆ یانەیەکی دیکە جیاوازە، یان چیمەی یاریگەکان، کە هەیانە درێژترن لەوانی دیکە و پێی یاریزانەکان قووڵتر دەچێتە ناویەوە، هۆکارێکی دیکەشیان بۆ هێزی جەستەیی، یان ئامادەکاریی خودی یاریزانەکان گەڕاندووەتەوە.
تا ئێستا بەرپرسانی لۆس بلانکۆس سەرچاوەی کێشەیان نەدۆزیوەتەوە، هاوکات هەموو ڕێکارەکانیان گرتووەتەبەر، هەەفتانە پشکنینی هاوسەنگی ماسولکە بۆ هەر یاریزانێک دەکەن، خۆراکی تەندروست و گونجاویان بۆ هەر یاریزانێک دابینکردووە، ناچاریشیانکردوون لە ڕۆژێکدا لە نێوان حەوت بۆ هەشت کاتژمێر بخەون، هەموو ئەو تۆمەتانەش رەتدەکرێنەوە، کە ئاراستەی ئەنتۆنیۆ پینتۆسی راهێنەری جەستەیی کراون، چونکە بەردەوام پشکنینی جەستەیی و پێوانەی ماندوبوون بۆ یاریزانان دەکات و راهێنانەکانیشیان هەڕەمەکی نییە و خوێندنەوەی زانستی بۆکراوە.
بەرپرسانی ریال نزیکبوونەتەوە لەوەی هۆکاری پێکانەکان بۆ بەرکەوتنی بەهێز و جوڵەی مەترسیداری خودی یاریزانەکانی خۆیان بگەڕێنینەوە.