هەموو ئەوەی پێویستە سەبارەت بە هەوکردنی خوێن بیزانیت

بەکتریمیا بە واتای هەبوونی بەکتریا دێت لە خوێندا، زۆرجار ئەم گرفتە هیچ نیشانەیەک دروستناکات و سیستمی بەرگری مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، بەڵام ئەگەر کەسێک سیستمی بەرگرییەکەی لاوازبێت، ئەوا ئەم بەکتریایانە دەکرێت ببنەهۆی گرفتی گەورە لە جەستەی کەسەکەدا وەکو هەوکردنی خوێن.

هەبوونی بەکتریا لە خوێندا تا ڕادەیەک ئاساییە و دەکرێت کەسێک لە رێگەی پاککردنەوەی ددانەوە یان نەشتەرگەرییەکی بچوکەوە بەکتریا بچێتە ناو سووڕی خوێنییەوە، بەڵام ئەگەر ئەم بەکتریایە ببێتەهۆی ئەوەی سیستمی بەرگری بە توندی وەڵامی بداتەوە، هەوکردنی خوێن دروستدەبێت کە حاڵەتێکی مەترسیدارە.

هۆکارەکان

هەندێک جۆری بەکتریا هۆکارن بۆ تووشبوون بەم حاڵەتە و لە هەندێک رێگەوە دەکرێت ئەم بەکتریایانە بگوێزرێنەوە بۆناو خوێن وەکو:

  • چەند چارەسەرێکی ددان وەکو پاککردنەوەی ددان و ددان هەڵکێشان
  • لە نەشتەرگەرییەوە
  • بڵاوبوونەوەی هەوکردنی شوێنێکی دیکەی جەستە بۆناو خوێن
  • لە رێگەی ئامێرە پزیشکییەکانی وەکو کانیولا و بۆریی هەناسەدانەوە
  • لە رێگەی برینداربوون و سووتاوییەوە

نیشانەکان

لە هەندێک لە حاڵەتەکاندا هەبوونی بەکتریا لە خوێندا هیچ نیشانەیەک بۆ کەسەکە دروستنابێت و سیستمی بەرگریی کەسەکە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.

بەڵام کاتێک هەبوونی بەکتریا دەبێتەهۆی هەوکردنی خوێن نیشانەکان دەکرێت هەریەکێک لەمانە بن:

  • دابەزینی پلەی گەرمیی جەستە
  •  تا
  • لەرزینی جەستە
  • هەناسەدانی خێرا
  • خێرالێدانی دڵ
  • ئارەقکردنەوە
  • کەمبوونەوەی میز
  • دابەزینی فشاری خوێن
  • کەمبوونەوەی هۆشداریی کەسەکە

ماکەکانی هەوکردنی خوێن (کە یەکێکە لە ماکەکانی هەبوونی بەکتریا لە خوێندا)

ئەگەر ئەم هەوکردنە چارەسەرنەکرێت، ئەوا کەسەکە مەترسی لەسەر ژیانی دروستدەبێت.
هەوکردنی خوێن بەهۆی وەڵامدانەوەی توندی سیستمی بەرگرییەوە روودەدات کە وادەکات جەستە تووشی هەوکردنی بەرگری ببێت، ئەمەش دەبێتەهۆی پەککەوتنی ئەندامەکانی جەستە.

هەندێکجار بەهۆی ئەم حاڵەتەوە کەسەکە بە خێرایی فشاری خوێنی بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و ئەمیش دیسانەوە هۆکارە بۆ پەککەوتنی ئەندامەکانی جەستە.

ماکەکانی دیکەی هەبوونی بەکتریا لە خوێندا بریتیینلە:

  • هەوکردنی بەرگریی پەردەی مێشک
  • هەوکردنی سییەکان
  • هەوکردنی بەرگریی ناوپۆشی دڵ
  • هەوکردنی ئێسک
  • هەوکردنی جومگەکان
  • هەوکردنی پێست

کێن ئەو کەسانەی مەترسیی تووشبوونیان لەسەرە بۆ تووشبوون بە هەوکردنی خوێن؟

  • منداڵانی بچوکتر لە یەک ساڵی
  • سەروو 65 ساڵ
  • ئەو کەسانەی سیستمی بەرگرییان لاوازە
  • ئەو کەسانەی نەخۆشیی دیکەیان هەیە وەکو نەخۆشیی شەکرە، نەخۆشیی گورچیلە و شێرپەنجە
  • ئەو کەسانەی خۆیان نەخۆشن یان لە نەخۆشخانە خەوێنراون

هەوکردنی خوێن=sepsis

هەوکردنی بەرگری= inflammation

هەبوونی بەکتریا لە خوێندا=bacteremia