ئاندرێس ئینێستا لە تەمەنی 40 ساڵی وازی لە تۆپی پێ هێنا

ساڵ دوای ساڵ، رۆژ دوای رۆژ، ئەو یاریزانانەی ئایکۆنن، ئەو یاریزانانەی یادگارییمان هەبووە لەگەڵیان، ئەوانەی مێژوویان نووسیەوە لە تۆپی پێ، بەهۆکاری جیاواز جێمان دێڵن، یەکێک لەوانە کە وازهێنانی خۆی لە کاروانی وەرزشی راگەیاند، ئەفسانەی ئیسپانیا و بەرشلۆنە، ئاندرێس ئینێستایە، کە دوێنی رایگەیاند رێگەی وەرزشی بەجێدەهێڵێت.

ئاندرێس ئینێستا لوخان، تەمەنی 40 ساڵە و ناوەڕاستکاری یانەی بەرشلۆنە و هەڵبژاردەی ئیسپانیا بوو، ناسرابوو بەوەی بە ئاسانی کۆنترۆڵی تۆپ دەکات و لە مەودای کەمدا دەیزانی چۆن لە باڵی راست و چەپ و تەنانەت لە ‌هێڵی هێرشبەری و بەرگریکردنیشدا یارییبکات.

وازهێنانی ئینێستا هەواڵێکی ناخۆشبوو بۆ زۆر لە کەسایەتییەکانی نێو تۆپی پێ...

دەزانی چیم بیردێتەوە کاتێك ئینێستا دەبینم، ئەوەم بیردێتەوە کاتێك منداڵبووین و لە شەقام یارییمان دەکرد، دایکیشم دەهات دەیگووت دەی وەرەوە کاتی یاریی تەواو، بەڵام دووبارە یارییمان دەکردەوە، ئینێستاش 40 ساڵە و هێشتا هەر یارییدەکات"

لویس ئێنریکی، راهێنەری پاریس سانجێرمان.

یەکێک لە بەهرەدارترین یاریزانەکان ئینێستا بوو، ئەو لەو یاریزانانەیە کە رێگەی راستت پیدەڵێت، دڵخۆشت دەکات، کاتێک پێتدەڵێت هەموو شتێک باش دەبێت، راستەوخۆ باش دەبم و وزەم پێدەدات.

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی.

ئینێستا زۆربەی کاروانی وەرزشی خۆی لەگەڵ بەرشلۆنە بەڕێکرد، هاوشانی چاڤی هێرناندێز و سێرخیۆ بۆسکێتس مێژوویان دەنووسیەوە، لەگەڵ یانەکەی کەتەلۆنیا نۆجار بوونە پاڵەوانی لالیگا، شەش جار پاڵەوانی کۆپا دێڵ رێی، سێجار پاڵەوانی سوپەری ئەوروپا، حەوتجار پاڵەوانی سوپەری ئیسپانیا، سێجار پاڵەوانی جامی جیهانی یانەکان و چوار جار پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ بوون.

ئینێستا تەنیا تواناکانی بۆ بەرشلۆنە تەرخان نەکردبوو، بەڵکو لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیاش مێژوویان نوسییەوە، لە ساڵی 2010 بوونە پاڵەوانی جامی جیهانی، دووجاریش جامی یۆرۆیان بەدەستهێنا، ساڵی 2009ــش بووە باشترین یاریزانی ساڵ و 2010ەش بووە باشترین یاریزانی ئەوروپا.

دوایین یارییکردنی نیگارکێشەکەی ئیسپانیا بۆ بەرشلۆنە دەگەڕێتەوە بۆ 20ی 5ـی 2018، کە 674ــەمین دەرکەوتنی بوو، بەکۆی گشتیش 57 گۆڵ و 135 ئاسیستی هەبوو.