پەیوەندیی نێوان چا، قاوە و جەڵتەی مێشک چییە؟

جەڵتەی مێشک یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە جیهاندا و شێوازی ژیان کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لە بەرزکردنەوە و نزمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون پێی، لە چوارچێوەی شێوازی ژیانیشدا، خواردن و خواردنەوەکان رۆڵی گەورەیان هەیە. باوترین ئەو خواردنەوانەشی لە جیهاندا بەکاردەهێنرێن بریتینلە چا، قاوە، شەربەت، خواردنەوە گازییەکان و ئاو. کامیان باشترن؟
جەڵتەی مێشک بەهۆی گیران یان تەقینی ئەو بۆرییانەی خوێنەوە روودەدات کە خوێن دەگەیەنن بە مێشک، لە ئەنجامدا مێشک خوێن و ئۆکسجینی پێویستی پێناگات و خانەکانی دەمرن.
شەربەت، خواردنەوەی گازی یان ئاو؟
لە پێداچوونەوەیەکی گەورەدا دەرکەوتووە، خواردنەوەی یەک خواردنەوەی گازی جا ئیتر شەکری سروشتی تێدابێت یان شەکری دەستکرد، مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک بەڕێژەی %22 زیاددەکات. مەترسییەکە بەشێوەیەکی بەرچاو لەو کەسانەدا زیاتربوو کە رۆژانە دوو بۆ سێ قوتوویان دەخواردەوە.
هەروەها رۆژانە خواردنەوەی یەک شەربەتی میوە مەترسیی تووشبوون بەڕێژەی %37 زیاددەکات، ئەگەر کەسێک رۆژانە دوو بۆ سێ شەربەتی میوە بخواتەوە، ئەوا مەترسیی تووشبوونی بە جەڵتە سێ هێندە دەبێت.
توێژەران سەرنجیاندا کە خانمان زیاتر کاریگەرییە نەرێنییەکانی شەربەت و خواردنەوەکانیان تێدا دەردەکەوێت.
لەگەڵ ئەوەی شەربەتی میوە پێکهاتەی سوودبەخشی تێدایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ماددە پارێزەرەکان و شیرینکەرە دەستکردەکانیان تێدایە کە وای کردووە زیانەکانی لە سوودەکانی زیاتربێت.
توێژەران بۆشیان دەرکەوتووە کە خواردنەوەی حەوت کوپ یان زیاتر لە ئاو لە رۆژێکدا مەترسیی تووشبوون بە جەڵتە کەمدەکاتەوە.
چا یان قاوە؟
لە پێداچوونەوەیەکی دیکەدا دەرکەوتووە کە رۆژانە خواردنەوەی زیاتر لە چوار کوپ لە قاوە، مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک بەڕێژەی %37 زیاددەکات. بەڵام ئەو کەسانەی کە لەو بڕە کەمتریان دەخواردەوە مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتە هیچ زیادینەکردبوو.
بەپێچەوانەوە، رۆژانە خواردنەوەی چوار کوپ یان زیاتر لە چا مەترسیی تووشبوونی بە جەڵتەی مێشک بەڕێژەی %19 کەمدەکاتەوە.
ئەم سوودەی چا لە نێوان چایە جیاوازەکاندا کەمێک کەم و زیادی دەکرد، بەڵام بە گشتی هەموو جۆرەکانی چا مەترسییەکەیان کەمدەکردەوە.
هاوکات رۆژانە خواردنەوەی سێ بۆ چوار کوپ لە چای سەوز مەترسیی تووشبوونی بە جەڵتەی میشک بەڕێژەی %27 کەمدەکردەوە.
توێژەران ئەوەشیان بۆ دەرکەوت کە ئەو کەسانەی شیریان دەکردەناو چایەکەیانەوە، سوودەکانی چا تیایاندا کەمتر دەردەکەوتن.
لەگەڵ ئەوەی توێژینەوەکان تاوەکو ئێستا سنووردارن، بەڵام تاوەکو ئێستا تەندروستترین بژاردەکان بریتینلە چا و ئاو.