وەزارەتی نەوتی عێراق: سوتەمەنی فڕۆکە هەناردەی دەرەوە دەکەین

وەزارەتى نەوتى عێراق.

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایکرد، هەنگاوێکی گرنگیان ناوە لە بواری خۆبژێوی وزەدا، لەو چوارچێوەیەشدا، دەستدەکەن بە هەناردەکردنی سوتەمەنی فڕۆکە بۆ دەرەوە.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردەوە، لەمەودوا عێراق بڕی 800 بۆ 1000 تۆن سوتەمەنی فڕۆکە لە بەندەرەکانی عێراقەوە هەناردەی دەرەوە دەکات.

وەزارەتی نەوتی عێراق جەختیکردووەتەوە، هەناردەکردنی سوتەمەنی فڕۆکە  هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنی رۆڵی عێراق لە ڕووی ئابوورییەوە لەسەر ئاستی جیهان و وڵاتانی بەرهەهێنی نەوت، جگە لەوەش ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ گەشەکردن و پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی نەوتی لە عێراقدا.

وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەشکردووە، داهاتی ئەو هەناردەکردنە، پاڵپشت دەبێت بۆ زیادکردنی داهاتەکانی کەرتی نەوت و پشتیوانیکردنی ئابوری نیشتمانی و کردنەوەی ئاسۆی جیاجیا بەرووی گەشەپێدانی ئابوری وڵات.

سەرباری ئەوەی عێراق یەکێکە لە وڵاتە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنی نەوت، کە رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، گیرۆدەی  کەمی بەرهەمە نەوتییەکان بووەوە، بەو هۆیەشەوە ناچار بووە، ساڵانە بە بەهای نزیکەی 5 ملیار دۆلار، بەرهەمەکانی نەوت وەک بەنزین و دیزل و سوتەمەنی دیکە هاوردە بکات.