مایکڵ ئارتیاگا کوڕێکی گەنجی تەمەن 16 ساڵە و ئارەزومەندی یاریی تێتریسە، لەدوای 35 ساڵ لە بڵاوکردنەوەی یارییەکە، توانی سەرکەوتنێکی گەورەی تێدا بەدەستبهێنێت کە تاوەکو ئێستا لە یارییەکەدا نەکراوە، ئەویش بوون بە یەکەم یاریزانە ئاستی 255ـی یارییەکە ببڕێت و یارییەکە دووبارە بێتەوە سەرەتا و ئاستی سفر، کە "rebirth" یان لەدایکبوونەوە ناسراوە.
ئەم کارە سەرنجڕاکێشە لە کاتی پەخشی راستەوخۆدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویچ ئەنجامدرا. مایکڵ نزیکەی 3300 هێڵی بڵۆکەکانی یاریی تێتریسی لە ماوەی 80 خولەکدا پاککردەوە، ئەمە لەکاتێکدایە وەشانێکی نوێی یارییەکەشی بەکارهێناوە بەهۆی ئەوەی وەشانەکانی پێشووی تێتریس تاوەکو ئاستی 155ـی هەبووە و لەدوای ئەوە یارییەکە کراشی دەکرد یاخود تێکدەچوو.
سەرەتای ئەمساڵ یاریزانێکی دیکە بە ناوی ویڵیس گیبسن، سەرنجی میدیاکانی جیهانی بەلایخۆیدا راکێشا، توانی تاوەکو ئاستی 157ـی یاریی تێتریس بڕوات کە دواتر یارییەکە کراش دەکات و دەوەستێت.
تێتریس، یارییەکی ڤیدیۆیی کلاسیکیە لە سەرەتادا لەلایەن پرۆگرامەری رووسی ئەلێکسی پاجیتنۆڤەوە، لە ساڵی 1984 دیزاینکراوە، یاریزانەکان جوڵە بەو بلۆکانە دەکەن کە دەکەونە خوارەوە و لەسەر یەک رێکیاندەخەن بۆ دروستکردن و پاککردنەوەی هێڵی ئاسۆیی لەسەر گۆڕەپانی یاریکردن.