هەڵبژاردەی عێراق لە شاری بەسڕە بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ گەڕی سێیەمی پاڵاوتنەکانی ئاسیا، کە بڕیارە سبەینێ لە یاریگەی بەسڕەی نێودەوڵەتی بەڕێوەبچێت.
هەڵبژاردەکە بە ئامادەبوونی ئەیمەن حسێن و سەرپەرشتیی خیسۆس کاساس بەردەوامە لە راهێنان و زۆرینەی ئەستێرەکان پەیووەندییان بە یەکەی مەشقوراهێنانەکانەوە کردووە.
دوای سەرکەوتنێک بەرامبەر عوممان و یەکسانبوون بەرامبەر بە کوەیت، شێرەکانی رافیدەین ئەمجارە لە یاریگەی خۆیاندا رووبەڕووی هەڵبژاردەی فەڵەستین دەبنەوە، کە لەکۆمەڵەی دووەمدا بە خاڵێکەوە دەکەوێتە خانەی پێنجەمەوە.
هەڵبژاردەی عێراقیش بە کۆکردنەوەی چوار خاڵ دەکەوێتە خانەی سێیەمەوە و هەمان ژمارە خاڵی هەڵبژاردەکانی عومان و کۆریای باشووری هەیە، بەڵام بە جیاوازیی گۆڵ کەوتووەتە دوای ئەو دوو هەڵبژاردەیە، لە رووبەڕووبوونەوەی فەڵەستین پێویستیان بە سەرکەوتنە بۆ تێپەڕاندنی رکابەرەکانیان، بەتایبەت کە یاریی داهاتوویان لە کۆریای باشوور بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆریای باشوورە.