عەلی عەبدوڵای سۆفی محەمەد، ناسراو بە ع. ع. شەونم، ساڵی 1925 لە شاری هەڵەبجە لەدیاکبووە، یەکێکە لە دیارترین شاعیرانی کورد، کە لە پاڵ نووسینەوەی شیعردا، کاری لەسەر چەندین ئەدەب و هونەری دیکە کردووە.
ساڵی 1943 لە سایەی ئومێدکردنی ژیان و گەیاندنی هەستە شیعرییەکانی سەبارەت ژیانەوە، نازناوی شەونمی لەخۆی ناوە، لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە لە حوجرە خوێندوویەتی، پاشان لە تەمەنی هەشت ساڵیی لە خوێندنگە دەست بە فێربوونی زانستە جیاوازەکان دەکات و قۆناغەکانی سەرەتایی بە یەکەمیی بڕیوە، پاشان لە شاری بەغداد خانەی مامۆستایان تەواودەکات و دەبێت بە مامۆستا.
ساڵی 1943 لە تەمەنی 18 ساڵییدا یەکەم شیعری خۆی لە گۆڤاری گەلاوێژ بڵاوکردووەتەوە، هاوکات لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کاتدا و بوون بە شاعیرێکی ناسراو، کاری لەسەر نووسینی گۆرانی، پێشکەشکردنی شانۆ، دانانی ئاواز، وەرگێڕان، نووسینەوەی فۆلکلۆر، وێنەکێشان، خۆشنووسی، پێشکەشکاریی و دانانی سروودی نیشتمانیی کردووە.
هاوکات فەرهەنگی کوردواتەنی و فەرهەنگی پەندی پێشینانیشی نووسیوە، کە بە گەورەترین فەرهەنگی پەندی پێشینانی کورد هەژماردەکرێت لە جیهاندا و بەری رەنگی 80 ساڵەی کارکردنی بووە.
لە دیارترین کارەکانی:
فەرهەنگی پەندی پێشینان
دیوانی ع. ع. شەونم
فەرهەنگی کوردواتەنی
سێ بەرگی جریوە – شیعر بۆ منداڵ
جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە
رێکەوتی 10ی تشرینی یەکەمی 2020، لە تەمەنی 95 ساڵییدا کۆچی دوایی کردووە هەگبەیەکی دەوڵەمەندی لە ئەدەب و هونەر و فۆلکلۆری بۆ نەتەوەی کورد جێهێشتووە.