عێراق لە یاریگەی بەسرە میوانداریی فەڵەستین دەکات

یارییەکانی گەڕی سێیەمی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 دەستپێدەکات، عێراق وەک یەکێک لە هەڵبژاردە گەورەکان لە نێو یاریگە و هاندەرانیدا لە شاری بەسڕە رووبەڕووی فەڵەستین دەبێتەوە.

خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی شێرەکانی رافیدەین بانگهێشتی 25 یاریزانی بۆ پێکهاتەکەی کردووە، بەهۆی پێکانیشەوە هەریەکە لە زێدان ئیقبال، عەلی حەمادی، ئوسامە رەشیدی دوورخستووەتەوە، هەروەها مونتەزیر ماجید، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە پەیوەندیی بە شاندەکەوە نەکردووە.

کاساس بۆ پڕکردنەوەی پێگەی ئەو یاریزانانە، هەریەک لە عەلی فایز و لوکا شلیمۆن، عەلی حەموی بانگهێشتکردووە، ئەیمەن حسێنیش دوای چارەسەربوونی لەو نەخۆشییەی دووچرای دڵی بوو، لە یانەی خۆرەوە پەیوەندی بە پێکهاتەی هەڵبژاردەکەوە کردووەتەوە.

هەڵبژاردەی عێراق لە کۆی دوو یاریی دەستپێکی قۆناغی سێیەمی پاڵاوتنەکان، سەرکەوتنێکی بەرامبەر بە عومان تۆمارکردووە و بەرامبەر بە کەوەیتیش یەکسانبووە، بە کۆی چوار خاڵەوە دەکەوێتە خانەی سێیەمی کۆمەڵەی دووەمەوە، لەگەڵ هەڵبژاردەکانی ئوردن و عومان هاوتایە، بەڵام بە جیاوازی گۆڵ سێیەمە.

عێراق لەم یارییەدا پێویستی بە سەرکەوتنە بەرامبەر بە فەڵەستین، ئەم ئەرکەشی مەحاڵ نییە، چونکە فەڵەستین لە کۆی دوو یاریدا تەنیا خاڵێکی کۆکردووەتەوە و لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا قورسە بتوانێت کێبڕکێی ئەیمەن و هاوڕێکانی بکات.