گرنگە منداڵان لە هەر تەمەنێکدا بن، سیستمی بەرگرییان کارامە و بەهێزبێت بۆئەوەی لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتاکاندا، بتوانن رووبەڕوویان ببنەوە. لێرەدا کۆمەڵێک رێگە باسدەکەم کە سیستمی بەرگریی منداڵان بەهێزدەکەن
ژەمەخواردنی تەندروست
دەبێت ژەمەکان هەمەجۆر و هاوسەنگبن، پێکهاتبن لە پێنج پارچە سەوزە و میوە، بڕی پێویستی پڕۆتین و دانەوێڵە و شیرەمەنییەکان کە سەرچاوەیەکی باشی کالسیۆمن.
ئەو خواردنانەی کە نابێت بدرێن بە منداڵ بریتینلە ئەو خواردنانەی کە شەکری زیادە یان چەوریی زیانبەخش و خواردنە ئامادەکراوەکان و لەقوتوونراوەکانن.
هەندێک جێگرەوەی خواردن هەن بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری کە بریتینلە ڤیتامینەکان و ئاسن، کە پێویستە بەگوێرەی رێنمایی پزیشکی پسپۆری منداڵان بەکاربهێنرێن.
خەوی پێویستی ڕۆژانە
کاتژمێری خەوی پێویست زۆر گرنگە بۆ تەندروستیی منداڵ، منداڵی تەمەن 1 ساڵ پێویستی بە 12-16 کاتژمێر خەو هەیە، تاوەکو دەگاتە تەمەنی 10-12 ساڵی کەمدەبێتەوە بۆ 10 کاتژمێر لە رۆژێکدا. دەبێت منداڵەکە رۆتینی خەوی رۆژانەی جێگیربێت لەنێوان کاتژمێر 8-9 بخەوێت، 2 کاتژمێر پێش خەوتن مۆبایل و تەلەفزیۆن بەکارنەهێنێت.
چالاکی و وەرزشی رۆژانە.
منداڵ پێویستی بە 1 کاتژمێر وەرزش و جووڵە هەیە لە رۆژێکدا بۆ ئەوەی تەندروستبێت و سیستمی بەرگری بەهێزبێت.
دەتوانرێت جووڵەکە وەرزشێکبێت یان یاریکرن یان بەپێرۆیشتن بێت.
کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی
بوونی گوشاری دەروونی سیستەمی بەرگری لاوازدەکات. بۆیە پێویستە هەوڵبدەیت کات تەرخان بکەیت بۆ چالاکی و کاتبەسەربردن لەگەڵ منداڵەکەت، هەوڵبدە منداڵەکەت باسی ئەو شتانەت بۆ بکات کە دڵتەنگی دەکات و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە.
کوتانەکان
وەرگرتنی کوتانەکان لە کاتی خۆیدا بۆ منداڵان زۆر گرنگە، چونکە دەیانپارێزێت لە چەند نەخۆشییەکی مەترسیدار و سیستەمی بەرگری بەهێز دەکات بۆ ڕووبەڕووبونەوەی نەخۆشییەکان.
د. گەشبین کاوە حەمەشەریف، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و تازەلەدایکبووان