بەرازیل کۆتایی بە قەدەغەکردنی پلاتفۆرمی ئێکس هێنا

دادگای باڵای بەرازیل مۆڵەتیدا بە پلاتفۆرمی ئێکس بۆ دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزارییەکانی لە وڵاتەکەدا، دوای ئەوەی پلاتفۆرمەکە دەستیکرد بە پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگاوە، هەرچەندە خاوەنە ملیاردێرەکەی،کە ئیلۆن مەسکە پێشتر سوێندی خواردبوو بەرەنگاری بڕیارەکەی دادگا ببێتەوە.
دادوەری دادگای باڵای بەڕازیل، ئەلێکساندەر دیمۆرێس کە ماوەی چەند مانگێکە لە شەڕدایە لەگەڵ مەسک رایگەیاند، کۆمپانیای ئێکس، هەموو مەرجە پێویستەکانی بەدیهێناوە تاوەکو دووبارە لە وڵاتەکەدا دەست بە کارەکانی بکاتەوە.
مەسکی خاوەنی پلاتفۆرمەکەش کە فەرمانەکانی دادگای بە سانسۆرکردن و مۆرێسی بە "دیکتاتۆر" ناوبردبوو ، لە چەند هەفتەی رابردوودا، دەستیکرد بە پێچەوانەکردنەوەی هەڵوێستەکەی و پابەندبوو بە فەرمانەکانی دادگاوە.
ئێکس رایگەیاند، شانازی دەکات بە گەڕانەوەی بۆ بەرازیل، ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە ئازادی قسەکردن، لە چوارچێوەی سنووری یاسادا" لەو وڵاتانەی کە تێیدا کاردەکات.
لە 30ـی ئابی 2024، بەرازیل پلاتفۆرمی ئێکسی لەسەرتاسەری وڵاتدا راگرت، تاوەکو ئەو کاتەى کۆمپانیاکە بە هەموو فەرمانەکانی دادگاوە پابەنددەبێت، لەوانەش پێبژاردنى بڕی 3.28 ملیۆن دۆلار و دیاریکردنى نوێنەری یاسایی ستارلینکی تایبەت بە گواستنەوەی هێڵەکانی ئینتەرنێت لەرێگەی مانگی دەستکرد لە بەرازیل.