ژان کوکتو.. شاعیری خەونەکانی ئۆرفیۆس

ژان کوکتو، یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییە فرەبەهرەمەندەکانی جیهان، شاعیر، رۆماننووس، شانۆنووس، بەرهەمهێنەری فیلم و هونەرمەندی هونەری بینراو بووە، کە لە سەدەی بیستەمدا، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هونەری هاوچەرخ دروستکردووە.

ژان کوکتو، رێکەوتی پێنجی تەمموزی 1889 لە وڵاتی فەڕەنسا لەدایکبووە، سەرەتا وەکو شاعیر دەستی بە کارکردن کردووە و یەکەم کۆمەڵە شیعریی خۆی لە تەمەنی 19 ساڵییدا بڵاوکردووەتەوە، زۆر بەخێرایی لە ئاستی کۆمەڵگە ئەدەبییەکانی شاری پاریس ناوبانگی پەیداکردووە و بووە بە شاعیرێکی ناسراو.

لەگەڵ تێکەڵاوبوونی بە رەوتی ئاڤانتگاغد و هونەری رەچەشکێن، چەندین بیرۆکەی جیاوازی بۆ دروستبووە و هاوتای نووسینی شیعر هەوڵی بۆ دروستکردنی هونەریش داوە، لە قۆناغی جەنگی جیهانیی یەکەمدا وەکو شۆفێری ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن کاری کردووە.

لەگەڵ چەندین کەسایەتیی ناسراو و دیاری سەدەی بیستەم کاری کردووە، لەوانە: ئیگۆر ستراڤینسکی، پابلۆ پیکاسۆ و سێرگی دیاگیلێڤ.

لە سییەکانی سەدەی رابردوودا، خولیای بەرهەمهێنانی فیلم لەلای کوکتو بەرەوپێش دەچێت و ساڵی 1930 یەکەم فیلمی خۆی بەشێوەیەکی شاعیرانە بەرهەمهێناوە، کە تێیدا تێما سوریاڵیستییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دیارن و ناوبانگیشی لە ئاستی سینەمای کلاسیکی فەڕەنسا پەیداکردووە.

رێکەوتی 11ی تشرینی یەکەمی 1963 لە تەمەنی 74 ساڵییدا کۆچی دوایی کردووە.