لە نەیشنزلیگ لە نێوان هەڵبژاردە ئەوروپییەکان 10 یاریی ئەنجامدەدرێت

test

خولی نەتەوەکانی ئەوروپا لە گەڕی سێیەمەوە دەستپێدەکاتەوە، ئەمشەویش 10 یاری ئەنجامدەدرێن، کە سیانیان لە ئاستی باڵادایە و لانیکەم یەکێک لە جەمسەرەکانی ئەو یارییانە لە هەڵبژاردەی گەورە پێکهاتوون.

هەڵبژاردەی سێ شێرەکەی ئینگلتەرا لە یاریگەی وێمبڵی سێیەم یاریی خۆی بەرامبەر یۆنان ئەنجامدەدات، دوای دوو سەرکەوتنی لەسەریەک لەگەڵ لی کارسلی راهێنەری کاتی، ئینگلزیەکان هەوڵی سێیەم سەرکەوتن دەدەن.

ئینگلتەرا لە کۆمەڵەکەی خۆیدا شەش خاڵی کۆکردووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێشەنگ نییە و یۆنان بە هەمان ژمارەی خاڵ و جیاوازی گۆڵێکەوە پێشیکەوتووە، یارییەکەی ئەمشەو شەڕی یەکلاکردنەوەی پێشەنگی کۆمەڵەکەیە.

کێبڕکێی گەورەی ئەمشەویش لەنێوان هەڵبژاردەکانی کۆمەڵەی دووەمدا دەبێت، فەرەنسا لە یوسیک ئارینا لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا رووبەڕووی ئیسرائیل دەبێتەوە، هەڵبژاردەی ئیسرائیل بەهۆی جەنگەوە نایتوانێت لە یاریگەی خۆیدا یاریبکات و لەبەرئەوەیە یارییەکە لە یاریگەیەکی بێلایەندا ئەنجامدەدرێت.

فەرەنسییەکان لە دوو گڕی پێسوودا مایەی گومان بوون، شکستێک و سەرکەوتنێکیان هەبووە و کەوتوونەتە خانەی دووەمی کۆمەڵەکەوە، بەڵام ئەرکی ئەمجارەیان ئاسانە و دەکرێت بخیانگەڕینێتەوە سەر رێرەوی کێبڕکێکردن لەگەڵ ئیتاڵیا، چونکە ئیسرائیل لە دوو یاریدا هیچ خاڵێکی بەدەست نەهێناوە و قورسە بتوانێت کێبڕکێی کەڵەشێرەکان بکات.

لە یارییەکی دیکەی هەمان کۆمەڵەدا، ئیتاڵیا لە یاریگەی سان سیرۆ بەهێزترینی یاریی بەرامبەر بەلجیکا ئەنجامدەدات.

ئیتاڵیا دوای شکستی یۆرۆ، بەخێرایی گەڕایەوە و لە یەکەم یاریی نەیشنزلیگ فەرەنسای بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک کوتا بەزەویدا، دواتریش لە ئیسرائیلی بردەوە و هەر خۆشیان بە شەش خاڵەوە پێشەنگی گرووپەکەن، بردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو بەرامبەر بەلجیکا دەبێتە گەورەترین سەرکەوتن بۆ لوچیانۆ سپالێتی راهێنەر و رەنگە درێژە بە سەرکەوتنیان بدات تاوەکو دوا ساتی یارییەکانی ئەم کۆمەڵەیە.

لەبەرامبەردا، دۆمینیکۆ تیدیسکۆی را‌هێنەری شەیتانە سوورەکانی بەلجیکا رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە، بە سێ خاڵەوە سێیەمی کۆمەڵەکەیە، بەهۆی دوورکەوتنەوەی لوکاکو و دی برۆین و کێشەکانی لەگەڵ تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزەوە هیچ دەرفەتێکی نەماوە، سەرکەوتن نەبێت لە نەیشنزلیگ، تەنیا لەم رێگەیەوە دەتوانێت هاندەرانی بەلجیکا ئاشت بکاتەوە.

loading....