لە بەرشلۆنە پێشانگایەک بۆ یادکردنەوەی مارادۆنا کرایەوە

لە شاری بەرشلۆنە پێشانگایەک بۆ ئەفسانەی تۆپی پێ دیێگۆ مارادۆنای ئەرجەنتینی کرایەوە و هاوشێوەی ماڵێکە کە یادگارییەکانی ئەو یاریزانەی تێدایە.

پێشانگاکە بەناوی " مارادۆنا زیندوو دەمێنێتەوە" ناونراوە، لە ناوەڕاستی شارەیەکەیە و دوو هەزار مەتر شوێنی بۆ تەرخانکراوە.

ئەم پێشانگایەی ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت و گەشتیاران و خەڵکی ئیسپانیا دەتوانن رۆژانە سەردانی بکەن، هەموو شوێنەکە تێکەڵ کراوە لە تەکنەلۆجیای سەردەم، هەروەها درێسەکانی مارادۆنا و هەندێک لە پێداویستییە تایبەتەکانی کە ئەو یاریزانە پێشتر لە ژیانیدا بەکاری هێناوە، هەروەها تۆماری ڤیدیۆی و وێنە و جلوبەرگ و تۆپیشی لێیە کە ئەو کەسانەی سەردانیدەکەن دەتوانن دەستی لێبدەن، هەروەک رێکخەری پێشانگایەکە، ئاڤێلینۆ تامارگۆ خۆشی دەڵێت، دەمانەوێت سەردانیکەران هەست بە گەورەیی مارادۆنا بکەن، چونکە ئەو یاریزانە هەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە، مارادۆنا بۆ جیلی پێشوو پاڵەوان بوو، بۆیە لە رێگەی ئەم پێشانگایەوە دەیانەوێت بە جیلی نوێ بڵێن کە مارادۆنا کێیە.

مارادۆنا لە 25ــی نۆڤەمبەری 2020 کۆچی دواییکرد، دوای ئەوەی نەشتەرگەریی مێشکی بۆ کرا، بەڵام رزگاریی نەبوو، کە هۆکارەکی کێشەی مێشکی دەگەڕایەوە بۆ ساڵانی پێشوو کاتێک ئالوودە بوبوو بە ماددە هۆشبەرەکان و ئەلکحول.