ئەمریکا پلانی هەیە باڵادەستی بزوێنەری گەڕانی گوگڵ بوەستێنێت

لە هەوڵێکدا بۆ رێگریکردن لە قۆڕخکاریی بازاڕ و هێشتنەوەی کێبڕکێ لەنێوان گوگڵ و کۆمپانیاکانی دیکە، وەزارەتی دادی ئەمریکا رەنگە کۆمپانیای ئەلفابێتی خاوەنی گوگڵ ناچاربکات تاوەکو بەشێکی بەرچاو لە خزمەتگوزارییەکانی لە یەکتر جودابکاتەوە لەنێویشیاندا وێبگەڕی کرۆم و سیستمی کارپێکردنی ئەندرۆید.

بڕیارێکی دادگای ئەمریکا لەم دواییەدا سەلماندوویەتی، گوگڵ کۆنتڕۆڵی 90%ی گەڕانەکانی ئینتەرنێتی ئەمریکا دەکات، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قۆڕخکاری، هەربۆیە پێشنیار دەکرێت، دووبارە شێوازی گەڕانی ئۆنلاین دابڕێژرێتەوە و کێبڕکێ لەنێوان کۆمپانیاکاندا دورستببێت، ئەمەش بە ئەگەرێکی زۆرەوە داهاتی گوگڵ کەمدەکاتەوە. لەنێو ئەو ڕێوشوێنانەشدا، کۆتایهێنانە بەو رێککەوتنەی گوگڵ لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئامێری مۆبایل و تابلێت کردوویەتی، بە کۆی گشتی 26 ملیار دۆلاری داوە بە کۆمپانیاکان تاوەکو لە ئامێرەکانیاندا گوگڵ بکەن بە سەرچاوەی سەرەکی گەڕان لە ئینتەرنێتدا و ئەمەش داهاتی کۆمپانیاکەی بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرز کردوەتەوە.