نەخۆشیی تەسکبوونەوەی ڕێڕەوی هەناسەی درێژخایەن چییە؟

د.باغەوان ئەحمەد عوسمان، پسپۆری ورد لە نەخۆشیی سیەکان و سنگ

یەکێک لە نەخۆشییەکانی رێڕەوی هەناسە بریتییەلە تەسکبوونەوەی رێڕەوی هەناسەی درێژخایەن کە بەشێکی زۆری خەڵک دەکرێت بەدەستیەوە بناڵێنن. لەم راپۆرتەدا، د.باغەوان ئەحمەد عوسمان، پسپۆری ورد لە نەخۆشیی سیەکان و سنگ، بە وردی باس لەم نەخۆشییە دەکات.

هۆکار

هۆکاری سەرەکیی ئەم نەخۆشییە بریتییەلە جگەرەکێشان، بەڵام دەکرێت بەرکەوتن لەگەڵ هەندێک جۆری سووتەمەنی کە بۆ گەرمکردنەوە و چەند مەبەستێکی دیکە بەکاردەهێنرێن یان تەنانەت پیسبوونی هەواش هۆکاربن بۆ زیادبوونی مەترسیی تووشبوون پێی.

نیشانەکان:

نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە لەو کاتەدا دەردەکەون کە زیانێکی زۆر بەر سییەکان کەوتووە و ئەگەر چارەسەر نەکرێت و کەسی تووشبوو دوورنەکەوێتەوە لە هۆکاری تووشبوونەکەی، ئەوا نیشانەکان خراپتر دەبن:

نیشانەکان بریتینلە:

* هەناسەتوندی، بەتایبەتی لەکاتی چالاکیی جەستەیی و رۆیشتن تاوەکو دەگاتە هەناسەتوندی لەکاتی دانیشتن و پاڵکەوتنیشدا

* خیزەی سنگ

* کۆکەی درێژخایەن کە زۆرجار بەڵغەمی لەگەڵە

* کەمی چالاکی

لە دوواین قۆناغەکانیشدا:

* دابەزینی کێش

* هەڵئاوسانی قاچ

*دابەزینی ڕێژەی ئۆکسجین

ماکەکان

* هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان: کەسانی تووشبوو بەم نەخۆشییە زیاتر باری تەندروستییان تێکدەچێت وەکو زیادبوونی کۆکە و بەڵغەم، هەناسەتوندی و دابەزینی رێژەی ئۆکسجین کاتێک تووشی هەڵامەت، ئەنفلۆنزا، بەکتریا و هەوای پیس دەبن. هەر هەوکردنێکی سییەکان هەناسەدان قورستردەکات و زیانی زیاتر بە شانەکانی سییەکان دەگەیەنێت.

* نەخۆشیی دڵ: بە هۆکارێکی نادیار، ئەم نەخۆشییە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاددەکات، لەوانە جەڵتەی دڵ.

* شێرپەنجەی سییەکان

* بەرزەفشاری بۆریی خوێنی سییەکان

*خەمۆکی

* تێکچوونی خەو

* دابەزینی رێژەی ئۆکسجین و بەرز بوونەوەی رێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەشێوازێکی درێژخایەن، ئەمەش وادەکات کەسەکە رۆژانە پێویستی بە وەرگرتنی ئۆکسجین هەبێت.

هەرچەندە ئەم نەخۆشییە نەخۆشییەکی درێژخایەنە و زۆرجار بە تێپەڕبوونی کات خراپتردەبێت، بەڵام دەتوانرێت ڕێگریی لێبکرێت و چارەسەربکرێت.

تووشبووان دەتوانن لەڕێگەی پەیڕەوکردنی رێنماییەکانی پزیشکی پسپۆڕەوە نیشانەکانیان کۆنترۆڵبکەن و لەگەڵ نەخۆشییەکەدا بژین.