مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و ڤیلادمیر پوتن سەرۆکی رووسیا لە عەشق ئابادی پایتەختی تورکمانستان کۆبوونەوە، ئەوەش یەکەم دیدارى نێوانیان بوو، تێیدا جەختیان لەسەر بەهێزکردن و پتەوکردنی پەیوەندییە ستراتیجی، سیاسیی و ئابوورییەکانی نێوانیان کردەوە.
پزیشکیان و پوتن بۆ بەشداری لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی بەناونیشانى "پەیوەندی نێوان سەردەم و شارستانییەتەکان- بنەمای ئاشتیی و گەشەپێدان" لە عەشق ئابادى پایتەختى تورکمانستانن و لە پەراوێزى کۆڕبەندەکەدا کۆبوونەوە.
بە گوێرەی میدکانی ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پوتن، پزیشکیان رایگەیاندووە، لە رووی ئابووریی و رۆشنبیرییەوە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات رۆژ بە رۆژ بەهێزتر دەبێت. هاوکات پەیوەندی نێوان ئێران و رووسیاى بە"دڵسۆزانە و ستراتیجیانە" ناوبردووە.
هەرلە کۆبوونەوەکەدا پزیشکیان بە پوتنى راگەیاندووە، "بە ئیرادەی بەهێزی سەرۆک و بەرپرسانی هەردوو وڵات، پێویستە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ خێراتر بکرێت". بە گوتەى ئەو ئێستا پێگەی رووسیا و تاران لە جیهاندا "بەهێزە".
هەر لە کۆبوونەوەکە پزیشکیان داوای لە پوتن کردووە بەڵگەنامەی ستراتیجی نێوان تاران و مۆسکۆ بە زووترین کات لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی برێکس لە رووسیا واژۆ بکرێت.
کۆبوونەوەی پزیشکیان و پوتن کاتژمێرێکی خایاندووە، بەشێکی کۆبوونەوەک تەرخانکراوە بۆ گفتوگۆ لە بارەی دوایین پیشهاتەکانی ناوچەکە و هێرشەکانی ئیسرائیل، لەو بارەیەوە پزیشکیان رایگەیاندووە، ئیسرائیل لە پێشێلکارییە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە و رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان ناگرێت. گوتوویەتى "وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا نایانەوێت پەیوەندیی نێوان وڵاتانی ناوچەکە لەسەر بنەمای ئاشتی و پێکەوەژیان بەردەوام بێت".
لە بەرامبەردا ڤیلادیمیر پوتن رایگەیاندووە، هاوکاری لەگەڵ ئێران بۆ مۆسکۆ کارى لە پێشینەیە و خواستی خۆی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان نیشانداوە،
گوتوشیەتی "تاران و مۆسکۆ ئێستا لە ئاستی نێودەوڵەتییدا هاوبەش و هاوکاری باشی یەکترن و هەڵسەنگاندنەکان و تێگەیشتنیان لە یەکەوە نزیکە".
دوای کۆبوونەوەکەش ڤیلادمیر پوتن، بە بانگێشتنامەی فەرمی داوای لە مەسعود پزیشکیان کرد سەردانی مۆسکۆ بکات.
هەر ئەمڕۆ مەسعود پزیشکیان لە پەراوێزى کۆربەندەکەدا لەگەڵ سەردار بردی محەمدۆڤ سەرۆکی تورکمانستان کۆبووەوە و جەختی لەسەر پێوستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە بواری فەرهەنگی، سیاسی، ئابووریی کردەوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران و رووسیا، لە چەند مانگی رابردوودا رکابەریی ناوچەییان بەلاوەناوە بۆ ئەوەی سەرنجیان لەسەر رووبەڕووبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ رۆژئاوا بێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژئاوا، ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی بالیستیکی، بۆ رووسیای دابین کردووە کە رۆڵێکی چارەنووسسازى لە شەڕى ئۆکرانیادا هەیە.