/

بەفیڕۆدانی خۆراک لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی مەترسیداردایە

لە رێستۆرانتەکانی هەرێمی کوردستان بڕێکی زۆر لە خۆراک بەفیڕۆدەدرێت

بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، نزیکەی 13%ـی خۆراکی جیهان لە کاتی بەرهەمهێنان تاوەکو کاتی بەکارهێنانەوە بەفیڕۆدەدرێت، هەروەها 19%ـی خۆراک لە ماڵەکاندا بەفیڕۆدەدرێت. هەرچەندە رێژەی برسێتی  لە جیهاندا لە ساڵی 2014ـەوە رووی لە زیادبوونە، رۆژانە هەزاران تۆن خۆراک فڕێدەدرێت.

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8، هەرێمی کوردستانیش بێبەش نییە لەم بەفیڕۆدانەی کە لە جیهاندا هەیە، بگرە پسپۆڕێک دەڵێت رێژەی بەفیڕۆدانەکە لە ناوچەکە زیاترە. د. ساڵح نەجیب پسپۆڕی ژینگەیە و لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 گوتی، تێکڕای پاشماوە خۆراکییەکانی تاکێک لە جیهاندا 750 گرامە، ئەمە لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان 1400 گرامە، واتا بە نزیکەیی دوو هێندەیە!

سەڵاح مەحموود شێفە و لە رێستۆرانتێکی بوفێی کراوە لە سلێمانی کاردەکات، سەبارەت بە ئامادەکردنی بڕی خواردنەکان بە کەناڵ8ـی گوت "ئەگەر بزانم 80 کەس سەردانمان دەکەن، دەبێت خواردنی 120 کەس ئامادە بکەین، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە رۆشنبیریی تاکی کورد بۆ بەکارهێنانی خواردن کەمە و کەسەکە بڕێکی زۆر خواردن دەبات و بڕێکی کەمی دەخوات". نووری نەسرەدینیش شێفێکی دیکەیە و خاوەنی چێشتخانەیەکی میللییە لە سلێمانی، ئەویش بەهەمان شێوە دەڵێت "زۆرجار کەسێک دێت چوار قاپ شلە داوا دەکات و تەنیا دووانیان دەخوات، دووانەکەی دیکە دەبێت فڕێبدرێن".

بەفیڕۆدانی خۆراک پسپۆڕانی ژینگەشی نیگەرانکردووە، توێژینەوە پزیشکییەکان دەریدەخەن، 10%ـی گازە زیانبەخشەکان لە بەرهەمهێنان و پێشەسازیی خۆراکەوە دروستدەبن. د. رۆژان ئەبوبەکر، پسپۆڕی ژینگە، لەم بارەیەوە بە کەناڵ8ـی گوت "تەنیا بەرهەمهێنانی خۆراک نابێتەهۆی پیسبوونی ژینگە، بەڵکو کاتێک پاشماوە خۆراکییەکان دەخرێنە ژینگەوە، لەلایەن بەکتریاوە شیدەکرێنەوە کە هۆکارن بۆ دەردانی بڕێکی زۆر لە گازی میسان و پیسبوونی هەوا".

د. رۆژان ئەبوبەکر، پسپۆڕی ژینگە

خۆراکی بەفیرۆچوو ساڵانە نزیکەی 940 ملیار دۆلار زیان بە ئابوریی جیهان دەگەیەنێت، بەوپێیەی هەرێمی کوردستان وعێراقیش زۆربەی بەرهەمە خۆراکیەکان لە وڵاتانی دەوروبەر هاوردە دەکەن، رێژەی زیانەکە بەراورد بە وڵاتانی چواردەور زیاترە. خالید حەیدەر، پرۆفیسۆری ئابووری لە زانکۆی سلیمانی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 گوتی "یەکێک لە رێگەچارەکانی کەمکردنەوەی زیانی ئابووریی بەفیڕۆدانی خۆراک پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵە، بۆ ئەوەی ئابووریی وڵات زیاتر لە بەرهەمە ناوخۆییەکاندا خەرجبکرێت".

بەگوێرەی ئامارێکی سێ ساڵی رابردووی کۆلێجی زانستە ژینگەییەکانی زانکۆی سلێمانی، هەر ماڵێک لە سلێمانیدا بەڕێژەی 59.7% خۆراکیان بەفیڕۆداوە، واتا زیاتر لە نیوەی خۆراکەکانیان خستووەتە ناو زبڵدانەوە.